راپۆرتێکی نوێ؛ ئەورووپا دەخنکێت
رووداو - تەندروستی
راپۆرتێکی نوێی زانستی هۆشداری دەدات لەوەی کە پشتیوانیی بەردەوامی کیشوەری ئەوروپا بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان (Fossil Fuels)، نەک تەنیا کیشوەرەکەی لە رووی ئابووری و سیاسییەوە لاواز کردووە، بەڵکو دەرەنجامی کارەساتباری بۆ تەندروستیی دانیشتووانەکەشی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2026ی دامەزراوەی (Lancet Countdown) بۆ ئەوروپا، کە تایبەتە بە تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوا، مەترسییەکانی زیادبوونی پیسبوونی هەوا، زیانەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، روو لە هەڵکشانن.
پرۆفیسۆر د. یواکیم رۆکلۆڤ لە زانکۆی هایدڵبێرگ و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە رایگەیاند: "زۆر بە روونی دەبینین کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی سووتەمەنییەوە، هەڕەشەیەکی رۆژ لە دوای رۆژ زیاترە بۆ سەر تەندروستیی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ئەوروپا."
راپۆرتەکە، کە سێیەمین راپۆرتی دامەزراوەکەیە و لەلایەن 65 پسپۆڕی دامەزراوە زانستییەکان و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە، 43 نیشاندەری نوێی لەخۆگرتووە بۆ بەدواداچوونی پەیوەندیی نێوان تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوا.
لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکان جددین، پرۆفیسۆر د. رۆکلۆڤ ئاماژەی بە لایەنە ئەرێنییەکانیش کرد و گوتی: "کۆمەڵێک هەنگاوی ئەرێنی لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوخۆیی گیراونەتەبەر، کە هیوامان پێدەبەخشن قەیرانی کەشوهەوا کۆنترۆڵ بکرێت و کاریگەرییەکانی کەمبکرێنەوە."