توێژینەوەیەک: خۆخاوکردنەوە بەخێرایی چالاکیی مێشک دەگۆڕێت و کاریگەرییەکەی لە 7 خولەکدا دەگاتە لووتکە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە هیندستان دەریدەخات لەکاتی ئەنجامدانی مێدیتەیشن یەکەم گۆڕانکارییەکان لە شەپۆلەکانی مێشکدا تەنیا دوای 2 بۆ 3 خولەک دەستپێدەکەن و لە نزیکەی 7 خولەکدا دەگەنە لوتکە.
 
زانایانی پەیمانگای نیشتمانیی دەرووندروستی و زانستی دەمار لە هیندستان چاودێریی چالاکیی دەماری سێ گرووپی خۆبەخشیان کردووە کە پێکهاتبوون لە کەسانی بێ ئەزموون لە مێدیتەیشن، کەسانی تازەکار کە راهێنانیان پێکرابوو و  کەسانی زۆر شارەزا و بە ئەزموون لە کاتی ئەنجامدانی جۆرێکی مێدیتەیشن کە بە "چاودێریکردنی هەناسە" ناسراوە، ئەنجامەکان دەریانخست کە هەرچەندە کاتی گۆڕانکارییەکانی مێشک بۆ هەمووان هاوشێوە بوو، بەڵام هێز و جۆری شەپۆلەکانی مێشک بەپێی ئاستی ئەزموون جیاواز بووە.
 
زانکۆ هیندییەکە ئاشکرای دەکات ، مێشک لە ماوەی تەنیا 2 بۆ 3 خولەکدا دەست بە گۆڕینی نەخشە کارەباییەکانی دەکات، لەم کاتەدا شەپۆلەکانی "ئەلفا" و "سێتا" (کە پەیوەستن بە ئارامی و تەرکیزەوە) زیاد دەکەن، لە کاتێکدا شەپۆلەکانی "دێلتا" (کە پەیوەستە بە خەواڵووییەوە) کەم دەکەن، گرنگترین گۆڕانکارییەکانیش لە نێوان 7 بۆ 10 خولەکدا روویانداوە، یەکێک لە دۆزینەوە سەرنجڕاکێشەکان ئەوە بوو کە کەسانی شارەزا خێراتر ناگەنە ئەم لوتکەیە، بەڵام کاتێک دەگەن شەپۆلەکانی مێشکیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزترە.
 
پەیمانگای نیشتمانیی دەرووندروستی و زانستی دەمار جەختدەکاتەوە تەنانەت ئەگەر ژیانێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و سەرقاڵیت هەبێت، تەنیا چەند خولەکێکی کەم بەسە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی لە مێشکتدا ببینرێت، گرنگ نییە ئاستی ئەزموونت چەند بێت.