پسپۆڕێکی کورد داوای بەسپۆنسەرکردنی دەرمانێکی دژەشێرپەنجەی دەکات

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی خەڵکی دهۆک دەرمانێکی دروستکردووە کە بە رێژەی 95٪ خانەی شێرپەنجەی منداڵدان لەنێودەبات، هەروەها یەکەمجارە ناوی کوردستان لەسەر لێکۆڵینەوەکەی دەنووسرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-5-2025 د. هەژمەت عەبدولخالق، مامۆستای کۆلێژی پزیشکیی گشتیی دهۆک لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، "یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان رووەکێک بە ناوی (Centrapalus paucifloris) ناسراو بە (CCF) دۆزراوەتەوە و لەسەر چەندین جۆری شێرپەنجە تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە 95٪ـی خانەی شێرپەنجەی منداڵدان HPV-18 لەنێودەبات".
 
د. هەژمەت عەبدولخالق بۆ بەرەوپێشچوونی لێکۆڵینەوەکەی و ئەنجامەکانی داوای بەسپۆنسەربوونی دەکات لەلایەن کۆمپانیەیەکی دەرمانەوە، چونکە قۆناخی دووەمی توێژینەوەکەی ئەوەیە کە دەبێت ئەو رووەکە لە شێوەی دەرمانێک لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.
 
ئەو روونی دەکاتەوە، ئەو جۆرە رووەکە لە وڵاتی نەیجیریا و هەندێک وڵاتی ئاسیایی هەیە، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان نەیدۆزیوەتەوە.
 
بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێک، سەرەتا بیرۆکەکە لە تاقیگە کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو بزانرێت کاریگەرە یاخود نا. ئەگەر ئەنجامێکی باشی هەبوو دەچێتە قۆناخی دووەم ئەویش بەکارهێنانی ئاژەڵێک یان چەند ئاژەڵێک دەبێت بەرهەمە خامەکەیان لەسەر تاقیبکرێتەوە. ئەگەر لەسەر ئەوانیش ئەنجامی باشی هەبوو دەچێتە قۆناخی دواتر، ئەویش بریتییە لە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کە سێ قۆناخ لەخۆدەگرێت؛
 
1- سەرەتا تاقیکردنەوە لەسەر ژمارەیەکی کەم مرۆڤ دەکرێت.
 
2- ئەگەر ئەنجامی باش نەبوو رادەگیرێت، ئەگەر ئەنجامی باشیشی هەبوو ژمارەکە زیاد دەکرێت.
 
3- ئەگەر ئەنجام باش نەبوو، هەوڵی زیاتری لەگەڵ دەدرێت، ئەگەر ئەنجامیش دیسان باش بوو ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر بەرزی مرۆڤ بە پێوەر و ستانداردی تایبەت دەخرێنە نێو تاقیکردنەوەکانی توێژینەکەوە. 
 
پاشان بە چەندین فلتەری زانستیی ورد لە دامەزراوە پزیشکییە جیهانییەکان تێدەپەڕێت، ئەگەر لە هەموو تاقیکردنەوەکان دەرچوو، ئینجا بە رێکاری ورد و تایبەت رێگە بە بەرهەمهێنانی دەدرێت وەکو دەرمان.
 
بەشێوەیەکی گشتی هەر دەرمانێک 10 بۆ 30 ساڵی پێویستە تا دەگاتە قۆناخی بەرهەمهێنان.