کلینیکاست؛ ئێستا گەنجان زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ و گیرانی لوولەکانی خوێن دەبن

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی کلینیکاست لەبارەی نەخۆشییەکانی دڵ و بەتایبەتیش جەڵتەی دڵ بوو لەنێو گەنجاندا، پسپۆڕێکی وردی دڵ میوانە و رایدەگەیێنێت، ئێستا گەنجان زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ و گیرانی لوولەکانی خوێن دەبن. جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان بە هۆکاری سەرەکی دادەنێت.
 
د. مزەفەر بارزانی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو دەڵێت: کەسی وا هەبووە بە 35 ساڵی و زووتریش لوولەکانی خوێنی گیراوە و تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بۆیە ئەماژە بە نیشانەکانی جەڵتەی دڵ دەکات؛
 
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی 
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
 
بەگوتەی د. مزەفەر بارزانی، قەڵەوی هۆکارێکی زۆر باوی جەڵتەی دڵ و گیرانی لوولەکانی خوێنە لەنێو گەنجاندا، بەتایبەت ئەوانەی چەوریی ورگیان زۆرە.
 
ئەمەش بزانە
 
نزیکەی 30٪ـی مردنەکانی جیهاندا کە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوەیە دەکرێت پێشگیرییان لێبکرێت ئەمەش بە شێوازی ژیانی تەندروست. 
 
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
 
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون
- بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی