تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ 48 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 15 تووشبووی نوێ و حاڵەتێکی مردن بە تای خوێن تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکەش، پارێزگای زیقار زۆرترین رێژەی تووشبوونی تێدا تۆمارکراوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو 15 تووشبووی نوێ و حاڵەتێکی مردن تۆمارکراوە. بەمەش کۆی گشتیی تووشبووان لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە گەیشتووەتە 48 کەس و چوار حاڵەتی مردنیش هەبووە.
بەگوتەی سەیف بەدر، پارێزگای زیقار وەک ساڵانی رابردوو لەسەرووی لیستی ئەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمارکراوە. تەنیا لەمساڵدا 21 تووشبوو و 3 حاڵەتی مردن لەو پارێزگایە تۆمارکراون. دوای ئەویش پارێزگاکانی موسەنا بە 6 تووشبوو و میسان بە 5 تووشبوو دێن. پارێزگاکانی بابل، واست، دیالە، بەغدا، کەرکووک، بەسرە و دیوانییەش حاڵەتی تووشبوونیان تێدا تۆمارکراوە.
نەخۆشییەکە چۆن دەگوازرێتەوە؟
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە لەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکاری سەرەکی گواستنەوەشی بریتین لە، بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ خوێن، گۆشت و شلەمەنییەکانی جەستەی ئاژەڵی تووشبوو یان لە رێگەی (گەنە).
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی، نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و بێهێزی، بەڵام قۆناخە ترسناکەکە کاتێک دەستپێدەکات کە خوێنبەربوون لە ژێر پێست یان کونیلەکانی جەستە دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە و گیانلەدەستدان.