وەزارەتی تەندروستی مەرج و رێنمایی نوێی بۆ درێژەدان بە خوێندنی پەرستاری راگەیاند

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، مەرج و رێکارەکانی بۆ درێژەدان بە خوێندنی بەشی پەرستاری ساڵی 2026-2027 بۆ کارمەندانی تەندروستیی راگەیاند.
 
لە گشتاندنێکدا کە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، پرۆسەی پێشبڕکێ بۆ وەرگرتنی کورسیی خوێندنی بەکالۆریۆس لەسەر بنەمای دوو سیستمی جیاواز دانراوە ئەوانیش گشتی و پارالێل.
 
گرنگترین مەرجەکانی وەرگرتن لە کۆلێژی پەرستاری بۆ کارمەندانی تەندروستی ئەمانەن
 
1.  دەبێت فەرمانبەری میلاک بێت و کارمەندانی گرێبەست و خۆبەخش نایانگرێتەوە.
2.  پێویستە نووسراوی رەزامەندی و مۆڵەتی خوێندنی لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێبێت.
3.  دەبێت دەرچووی پۆلی شەشی زانستی یان پەیمانگەی تەکنیکیی بەشی پەرستاری بێت.
4.  ئەندامی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بێت و پشتگیریی سەندیکای هەبێت.
5.  بۆ سیستمی گشتی، تەمەنی لە 45 ساڵ و کۆنمرەی لە 60% کەمتر نەبێت.
6.  ئەوانەی تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاترە یان کۆنمرەیان لەنێوان (55-59)ـدایە، دەتوانن لە سیستمی پارالێلدا داواکاری پێشکێش بکەن.
 
خاڵەکان بۆ پێشبڕکێی نێوان فەرمانبەران دابەش دەکرێن بەپێی چەند پێوەرێک، لەوانە: تەمەن، کۆنمرەی خوێندن، ساڵانی خزمەت و شوێنی کارکردن (کارکردن لە نەخۆشخانە و بنکە 24 کاژێرییەکان خاڵی زیاترە).
 
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەبێت تاوەکو رێککەوتی 2ی حوزەیرانی 2026، لیستی ناوی پاڵێوراوان بەپێی مەرجەکان بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە و دوای ئەو بەروارە هیچ داواکارییەک وەرناگیرێت.