تەندروستیی عێراق: دڵنیایی تەندروستی گەیشتووەتە نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی عێراق ئامار و دەستکەوتەکانی وەزارەتەکەی لە ماوەی تەمەنی حکومەتی ئێستادا خستەڕوو و رایگەیاند، سەرەڕای سنوورداریی بودجە، کەرتی تەندروستی گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
د. ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد کە لە ماوەی کارکردنیاندا، زیاتر لە 211 ملیۆن و 500 هەزار سەردان بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان تۆمارکراون و زیاتر لە 4 ملیۆن و 800 هەزار نەشتەرگەری ئەنجامدراون.
 
وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی تۆمارکراوی دڵنیایی تەندروستی گەیشتووەتە نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس پلان هەیە بۆ فراوانکردنی بۆ 9 پارێزگای دیکە و گەیشتن بە 7-8 ملیۆن کەس.
 
د. ساڵح مەهدی حەسناوی ئاشکرای کرد کە لەوماوەیەدا بەردی بناخەی 22 نەخۆشخانەی دانراوە و 22 سەنتەری شوشتنی گورچیلە کراونەتەوە و نرخی شوشتنی گورچیلە بە بڕی 10 دۆلار کەمکراوەتەوە کە بووەتە هۆی پاشەکەوتکردنی نزیکەی 71 ملیۆن دۆلار، 613 جۆر دەرمان لە چوارچێوەی پرۆژەی پیشەسازیی نیشتمانیدا دابینکراون و کۆی پاشەکەوت لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا لە 300 ملیۆن دۆلار زیاتر بووە.
 
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی بودجەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ساڵی 2025 تەنیا بە رێژەی 60% دابینکراوە، بەڵام وەزارەت بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.