عەلی زەیدی کارنامەی حکومەتەکەی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی تەندروستی راگەیاند
رووداو - تەندروستی
لە چوارچێوەی کارنامەی وەزاریی حکومەتە چاوەڕوانکراوەکەیدا، عەلی زەیدی بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پلانێکی بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و پزیشکیی وڵاتدا خستەڕوو.
بەپێی کارنامەکە، حکومەتی نوێی عێراق کار لەسەر بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی و دڵنیابوون لە گەیشتنی بە هەموو هاووڵاتییان، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەست و گوند و لادێکان، فراوانکردنی سیستمی بیمەی تەندروستی (التأمین الصحي) بە مەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی، چارەسەرییەکان، دابینکردنی دەرمان، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا.
لەبەشێکی دیکەی کارنامەکەدا هاتووە کاردەکرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەندروستییە تەواونەکراوەکان و نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای تەندروستی و دابینکردنی دەرمان بۆ بەرزکردنەوەی کوڵیتیی ژیانی هاووڵاتییان.
لەبارەی پێشەسازی دەرمانی ناوخۆ لە کارنامەکەی بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتدا هاتووە گرنگی بە نوێکردنەوە و پەرەپێدانی پیشەسازیی دەرمانی ناوخۆیی دەدرێت.
کارنامەی عەلی فالح زەیدی بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان
1- باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی
2- فراوانکردنی سیستمی دڵنیایی تەندروستی
3- بەدواداچوون بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان
4- تەواوکردنی پڕۆژەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە پەکخراوەکان
5- کاراکردنی پڕۆگرامەکانی چاودێری و سەرپەرشتیی پزیشکی
6- نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان
7- نوێکردنەوەی پیشەسازییە دەرمانییە ناوخۆییەکان