WHO: ئەم هاوینە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە کە زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە، ناوی گۆڕاوە نوێیەکەش Nimbusـە.
ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆڤید-19 دەچێتەوە سەر جۆری ئۆمیکرۆن و ئێستا لە چین، سەنگاپوورا و هۆنککۆنگ بڵاو بووەتەوە. ئاژانسی سەلامەتیی تەندروستیی بەریتانیاش رایگەیاند، 13 تووشبووی ڤایرۆسەکە تۆمار کراون.
ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی تووشبووانی کۆڤید-19 بەراورد بە مانگی ئادار، 97٪ زیاد بووە. پڕۆفیسۆر لاورێنس یۆنگ، پسپۆڕی ڤایرۆلۆژیی زانکۆی وارویک دەڵێت: 'هەوکردنی قوڕگ، بێهێزی، لاوازی، تا، کۆکەی مامناوەند، ئازاری ماسوولکە و گیرانی لووت' نیشانەکانی ئەم گۆڕاوە نوێیەن.
بەگوتەی لاورێنس، تاقیکردنەوەکانیان لەسەر Nimbus دەریدەخات، بەراورد بە جۆرەکانی رابردوو، زیاتر تووشی مرۆڤ دەبێت و بە خێراییش دەگوازرێتەوە.
بەپێی WHO، بڵاوبوونەوەی ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆڤید-19 ئەم هاوینە دەگاتە لووتکە.