پزیشکێکی دەم و ددان: جگە لە پەتی تایبەت، هیچ شتێکی دیکە بۆ پاککردنەوەی نێوان ددانەکان بەکارنەیەت
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکانی دەم و ددان چەند خوویەکی هەڵە بۆ پاککردنەوەی ددانەکان باس دەکات؛ ئاماژە بە چیلکەی دار و پەتی دوورینەوە دەکات و بە مەترسی ناویان دەبات.
دکتۆر سۆما سادق هەورامی، پزیشکی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکانی دەم و ددان بە رووداوی راگەیاند، پاککردنەوەی نێوان ددانەکان بە کەلوپەلی نازانستی و رەق هۆکارێکی لەدەستدانی ددانەکانە و بەشێکی زۆری چارەخوازەکانمان ئەو کێشەیەیان هەیە.
دەقی وەڵامەکانی دکتۆر سۆما سادق هەورامی لەبارەی پاککردنەوەی نێوان ددانەکان بە هەڵە؛
رووداو: ئەو کەلوپەلە مەترسیدارانە چین کە بەکاردێن بۆ پاککردنەوە ددانەکان و مەترسییەکەیان چییە و ئەگەر بەکاربێن، دەبنە هۆی چی؟
دکتۆر سۆما هەورامی: چیلکەی دار، مادەی پلاستیکی تیژ، کاخەزی تەنک، نایلۆنی عەلاگەکان و زەرفی سەر ئاوە سەفەرییەکان یاخود ئەو داوەی بۆ دروومان بەکاردێت. ئەمانە هەمووی مەترسیدارن و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی پووک و ددانەکان زیاد دەکەن.
رووداو: ئایا باشترین کەرستە بۆ پاککردنەوەی نێوان ددانەکان چییە؟
دکتۆر سۆما هەورامی: پەتی تایبەت بە خاوێنکردنەوەی نێوان ددانەکان یاخود فڵچەی بچووکی خاوێنکردنەوەی نێوان ددانەکان باشترینن.
رووداو: منداڵ نێوان ددانەکانی بە چی پاک بکرێتەوە؟ بە پەت یاخود چیلکەی دار یاخود چیلکەی پلاستیکی؟
دکتۆر سۆما هەورامی: لەنێو منداڵانیش پێویستە پەتی تایبەت بە ددانپاککردنەوە بەکاربێت.
رووداو: باشترین کات بۆ بەکارهێنانی پەتی ددانپاککردنەوە کەیە؟
دکتۆر سۆما هەورامی: دوای هەر نانخواردنێک و پێش خەوتنیش باشترین کاتن کە پێویستە بە پەتی تایبەت نێوان ددانەکان خاوێن بکرێتەوە، هەروەها دەبێت هەموو نێوان ددانەکان پاک بکرێتەوە، نەک تەنیا ئەو ددانانەی کەسەکە هەست دەکات خۆراکیان تێدا بەجێماوە.