توێژینەوەیەک: ئایزۆترێتینۆین لە هەموو کەسێکدا بەیەکجاری کۆتای بە زیپکە ناهێنێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک دەریخستووە، حەبی ئایزۆترێتینۆین، سەرەڕای کاریگەریی لەسەر زیپکە، لە هەموو کەسێکدا بە یەکجاری کۆتایی بە زیپکە ناهێنێت. 
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ماس جێنڕاڵ بریگهامی ئەمریکی کراوە و دەرکەوتووە، ئایزۆترێتینۆین کە بە یەکێک لە چارەسەرەکان دادەنرێت بۆ حاڵەتە قورسەکانی زیپکە، بەڵام لە هەموو کەسێکدا بە یەکجاری کۆتایی بە زیپکە ناهێنێت و لە هەر پێنج کەسێک کە بەکاری دەهێنن، یەکێکیان تووشی سەرهەڵدانەوەی زیپکە دەبێتەوە.
 
توێژینەوەکە، پشتی بە داتای زیاتر لە 19 هەزار نەخۆش بەستووە، چوار مانگ چارەسەری ئایزۆترێتینۆینیان وەرگرتووە. دەرکەوتووە کە نزیکەی 35٪ـی نەخۆشەکان دوای وەستانی چارەسەر، پێویستیان بە چارەسەرێکی دیکەی زیپکە بووە.
 
هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە، ژنان زیاتر لە پیاوان ئەگەری سەرهەڵدانەوەی زیپکەیان هەیە.
 
د. جۆن باربێری، پسپۆڕی پێست و یەکێک سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەم ئەنجامانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی پزیشکان بتوانن پلانی چارەسەریی تایبەت بە هەر نەخۆشێک دابنێن، دەتوانرێت بڕی ڕۆژانە دیاریبکەن بۆ هاوسەنگکردنی سوودەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکان."