لە سەنتەری دڵ لە سلێمانی مانگی رابردوو 325 قەستەرە کراون، پسپۆڕێکیش هۆشداری دەداتە گەنجان

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، تەنیا لە سەنتەری دڵ لە مانگی رابردوودا 429 بووژاندنەوەی دڵ، 325 قەستەرە و 153 دانانی باڵۆن کراون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-9-2025 د. کاوە وسو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو، کێشەکانی دڵ و گیرانی لوولەکانی خوێن لەنێو گەنجاندا زیادبووە کە هۆکاری سەرەکیش گۆڕینی شێوازی ژیانە.
 
د. کاوە وسو دەڵێت: هەریەک لە (دڵەڕاوکێ، قەڵەوی، جگەرەکێشان و گوشاری دەروونی) دەشێت رۆڵیان هەبێت لە تێکچوونەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
 
هاوکات دکتۆر رێدوان جەزا، پزیشکێکی پایەبڵندی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەیە لە نەخۆشخانەکە و بە رووداوی گوت، ئێستا زۆرینەی ئەوانەی پێویستیان بە قەستەرە هەیە تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 55 ساڵن کە پێشووتر زۆرترینەکان تەمەنیان سەروو 65 ساڵەوە بوو.
 
قەستەرە کردەیەکی پزیشکییە بۆ پشکنینی لوولەکانی خوێن بەکاردەهێندرێت، کاتێک کەسێک جەڵتە لێی دەدات یاخود دووچاری کێشەیەک دەبێت کە گومان دەکرێت لوولەکانی خوێنی کێشەی هەبن، قەستەرەی بۆ دەکرێت و ئیدی لەو رێگەیەوە پزیشکان بڕیار دەدەن، نەشتەرگەری یاخود باڵۆن بۆ نەخۆشەکە دابنێن.
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی، لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی تەنیا مانگی رابردوو هەزار و 546 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و هەزار و 83ـیان پێویست بووە بمێننەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.