لە سۆران بەهۆی نەخۆشییەکی سکماکیی خانمێک، کۆرپەلەیەکی 15 هەفتەیی دەردەهێنرێت
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری رایدەگەیێنێت، نەشتەرگەریی دەرهێنانی کۆرپەلەیەکیان بۆ خانمێکی دووگیان کردووە کە لە هەفتەی 15ـی دووگیانییەکەیدا بووە، ئەوەش بەهۆی پشتگوێخستنی چەند نیشانەیەکی کە سەرەنجام منداڵەکەی لەبارچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-9-2025 د. ناز محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەو خانمە ئازاری تووندی هەبووە و تووشی خوێنبەربوون بووە، هەر بۆیە بە بێهۆشی گەیێنراوەتە نەخۆشخانە و دوای پشکین دەرکەوت؛ منداڵدانی کێشەی سکماکی هەیە.
لەبارەی ئەو کێشە سکماکییەوە د. ناز محەممەد دەڵێت، ''منداڵدانی دووپارچە بووە و کۆرپەلەکەی لە لایەکی دیکە دروستبووە، هەر بۆیە کێشەی جیدی بۆ دروست بووە''.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، خانمەکە 27 ساڵ بووە و یەکەم سکی بووە، لە سەرەتای دووگیانی پشکنینی پێشوەختەی بۆ کراوە و دەرکەوتووە، دووگیانبوونەکەی مەترسیدارە، چونکە منداڵدانی دووپارچەیە، بەڵام کاتێکیش چەند نیشانەیەکی نامۆی تووشدەبێت، پشتگوێیان دەخات تا وای لێدێت کە دۆخی تێکدەچێت و بێهۆش دەبێت، ئیدی تووشی خوێنبەربوونی تووند دەبێت، ئینجا دەچێتە نەخۆشخانە.
نەخۆشخانەکە روونی دەکاتەوە، خانمەکە شەش بتڵ خوێن، پلازما و پەڕەکانی خوێنی تێکراوە و دوو رۆژیش ماوەتەوە، ئێستاش تەندروستیی جێگیرە.
چی بکرێت بۆ پێشگیری لەم کێشەیە؟
د. ناز محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون پێشنیاز دەکات، هەر لە سەرەتای دووگیانییەوە پشکنین بکرێت و خانمان لەژێر چاودێریی پسپۆڕێکدا بن، پاشانیش هەر نیشانەیەکی تووند یاخود نامۆیان هەبوو راستەوخۆ بچنە نزیکترین نەخۆشخانەی منداڵبوون و پسپۆڕ بیانبینێت.
ئەوەش باس دەکات، زۆرجار هەبووە خانمانی دووگیان بەم کێشە سکماکییەشەوە کۆرپەلەکەیان گەیشتووەتە هەشت مانگی، بەڵام هەندێکجاریش مەترسیی جیدی دروستدەکات و ناچار لە تەمەن زووەکانی سکپڕیدا کۆرپەلە لەباردەچێت.