دەرمانسازێکی دیوانی وەزارەتی تەندروستی: بۆ جێگیرکردنی نرخی دەرمان، سوود لە ئەزموونی FDAـی ئوردنی وەردەگرین
رووداو - تەندروستی
دەرمانسازێکی شارەزای دیوانی وەزارەتی تەندروستی لەنێو تیمی نێردراوی بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن رایدەگەیێنێت، ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی پابەندیی تەواوی بە دانانی نرخی جێگیری دەرمان هەیە و لەو روانگەیەوە پێویستە هەرێمی کوردستان سوودی لێببێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025 دکتۆر مامەند رەشید، بەرپرسی بەشی دەرمانسازی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی کە نوێنەری وەزارەتی تەندروستییە لەنێو تیمی نێردراوی بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن بە رووداوی راگەیاند، دەیانەوێت لەڕووی رێکخستنی نرخی دەرمانەوە سوود لە ئەزموونی دەزگای JFDA وەربگرن، چونکە دەڵێت: ''لە ئوردن یاسا و رێسای تایبەتیان بۆ نرخدانانی دەرمان هەیە و لەلایەن دەرمانسازان و هاونیشتمانییانەوە پابەندیی تەواو هەیە''.
دکتۆر مامەند رەشید روونی دەکاتەوە، بۆ لەمەودوا پابەندبوونی دەرمانخانەکان بەو نرخەی کە وەزارەتی تەندروستی دایدەنێت لە دوای پێداچوونەوەی پڕۆسەی نرخاندن بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی بیانیی بواری ئابووری و لایەنە پەیوەندارەکانی نرخدانان، متمانەی زیاتر بە چارەخوازان دەدات لەبارەی کواڵێتیی ئەو دەرمانەی پێیان دەدرێت. ئەو دەشڵێت، ''ئەو نرخەی دادەنرێت لەسەر ستیکەری دەرمانەکان رەچاوی قازانجی دەرمانخانەکە و هاوکاریی هاونیشتمانییان کراوە''.
ئەو ستافەی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵ ئاشنای ئەزموونی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئوردن لە بوارەکانی (پشکنین، تۆمارکردنی پێگەی دروستکردنی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، تۆمارکردنی دەرمانی کیمیایی، تۆمارکردنی دەرمانی بایۆلۆجی، تۆمارکردنی پێداویستیی پزیشکی، بنەماکانی پراکتیزەکردنی باشی بەرهەمهێنان و سیستمی بەڕێوەبردنی) کران.
دکتۆر مامەند رەشید گوتی، بڕیارە دەزگای JFDA ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی Pixـی جیهانی لە بواری رێکخستنی دەرمان، ئەو بەڵێنەشیان پێداوین کە دەزگاکە دەبێتە هاوکارێک باش بۆ سوودوەرگرتن لە کۆمەڵەی Pixـی جیهانی.