توێژینەوەیەکی شیکاری: ئەوانەی رۆژانە پێدەکەنن ئەگەری خەمۆکبوونیان کەمە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی شیکاریی گەورە لەبارەی کاریگەریی پێکەنین دەریدەخات، ئەوانەی رۆژانە پێدەکەنن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی زۆر کەمە.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ناگۆیای ژاپۆنی لەسەر 32 هەزار کەس کرا و دەرکەوت، ئەوانەی رۆژانە چەندجارێک پێدەکەنن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی کەمترە بەراورد بەوانەی رۆژانە بە خەمباری و جیدیاتەوە بەسەر دەبەن.
 
توێژینەوەکە بۆماوەی شەش ساڵ کراوە و د. یودای تامادا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: هەر کەسێک لە رۆژێکدا هیچ پێنەکەنیبێت، 95٪ ئەگەری تووشبوونی بە خەمۆکی لە داهاتوودا هەبووە، بەڵام ئەوانەی کە رۆژانە پێکەنیون کەمترین خەمۆکبوونیان هەبووە یاخود هیچ خەمۆکبوونیان نەبووە.
 
بەپێی مایۆکلینیک، پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر مێشک بریتین لە؛
 
- خەمخواردن و نەبوونی مەزاج
- هەستکردن بە بێ هیوایی
- هەستکردن بە تاوان و ئازاردانی خود
 
پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر جەستە؛
 
- قسەکردن و جووڵەکردن زۆر بە هێواشی بەراورد بە پێشتر
- نەمانی ئارەزووی خواردن 
- قەبزی
- تێکچوونی خەو
- نەمانی ئارەزووی سێکسی
 
پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی؛
 
- کەمیی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی
- پشتگوێخستنی حەز و ئارەزووەکان
- قورسی لە کارکردن و ژیانی رۆژانە