پسپۆڕێک: خەمخواردنی درێژخایەن هۆکارە بۆ نەخۆشیی شەکرە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە و هەناو رایدەگەیێنێت، ئەگەر کەسێک بۆماوەیەکی زۆر خەمگین بوو و خەمی خوارد، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو زیاد دەبێت.
 
د. سۆران زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی رۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر کار دەکەن یاخود لە شیفتی شەوان دەوام دەکەن، زووتر تووشی شەکرەی جۆری دوو دەبن.
 
هەر بۆیە د. سۆران پێشنیاز دەکات، باشترە خەو و خۆراکیان رێک بخەنەوە و لە شوێنی کارەکەیان ناوە ناوە جووڵەیەک بکەن.
 
دەقی وەڵامەکانی د. سۆران زەنگەنە لەبارەی خەمخواردن و تووشبوون بە شەکرە؛
 
رووداو: ئایا گوشاری دەروونی چۆن دەبێتە هۆی شەکرە؟
 
د. سۆران زەنگەنە: ئەگەر خەمۆکی و گوشاری دەروونیی درێژخایەن بوون، جەستە هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین دەردەدات کە هی گوشارن و بەمەش ئەنسۆلین بە باشی کار ناکات و شەکرە بەرز دەبێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکات.
 
رووداو: خەمخواردن بۆ تووشبووی شەکرە چ مەترسییەکی لەسەر دروستدەکات؟
 
د. سۆران زەنگەنە: نائارامیی دەروونی یاخود خەمخواردن گوشاری دەروونیی زیاد دەکەن، یاخود ئەوانەی دەروونیان نائاسوودەیە دەشێت قەڵەو ببن و لەو رێگەیەوە تووشی شەکرە ببن.
 
رووداو: ئایا سەرقاڵی بە کاری رۆژانە، چ مەترسییەکی دەبێت لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان و چۆن کۆنتڕۆڵ بکرێت بۆ رێگریکردن لێیان؟
 
د. سۆران زەنگەنە: ئەوانەی رۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر کار دەکەن یاخود لە شیفتی شەوان دەوام دەکەن، زۆرجار خەویان رێک نییە و کاتی ژەمەکانیان ناڕێکە تەنانەت گوشاریشیان لەسەرە، بۆیە هەموو ئەمانە هاندەرن بۆ تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییە درێژخانەکانی دیکە. بۆیە باشترە خەو و خۆراکیان رێک بخەنەوە و لە شوێنی کارەکەیان ناوە ناوە جووڵەیەک بکەن.