تووشبووانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن لە رۆژی دەنگداندا ئەمانە جێبەجێ بکەن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە لەڕووی تەندروستییەوە باسی رۆژی دەنگدان بۆ تووشبووانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەگەر کەسێک نیشانەکانی دابەزینی شەکرەی لێدەرکەوتن، سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات یاخود نوقڵێکی شیرین بخوات، نیشانەکانیش روون دەکاتەوە.
د. سۆران محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە لەبارەی تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێنەوە گوتی، ''لە رۆژی دەنگداندا وەکو هەر رۆژانی دیکە، دەبێت دوور بکەونەوە لە خۆراکە سوێر و لەقوتوونراوەکان، گرنگیشە کە گوێز و بەرهەمە سپیاییەتییەکان بخۆن، بۆ ئەوەی وزەیەکی زۆریان لەکاتی چوونیان بۆ دەنگدان هەبێت''.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی تووشبووانی شەکرە لەڕۆژی دەنگدان
رووداو: تووشبووانی شەکرە لە بەیانیی رۆژی دەنگداندا ژەمی بەیانی چی بخۆن بۆئەوەی وزەیەکی زۆریان هەبێت؟
د. سۆران محەممەد: لە رۆژانی ئاساییدا چییان خواردووە، هەر ئەوە بخۆن بەتایبەت (زەیتوون، زەڵاتە، هێلکەی کوڵاو، پەنیر، ماست و بەرهەمەکانی دیکەی شیرەمەنییەکان)، بەڵام پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە (کاربۆهیدرات، شەکر، شیرینییەکان، نان و سەموون).
رووداو: ئایا تووشبووانی شەکرە پێویستە دەرمانەکان لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ بنکەکانی دەنگدان لەکاتی نۆرەی دەنگدانیان؟
د. سۆران محەممەد: نەخێر پێویست ناکات و ئەوەی پزیشک بۆی دیاریکردوون لەهەمان کات و بێدواکەوتن دەرمانەکانیان بخۆن.
رووداو: ئەگەر تووشبووی شەکرە لە نۆرەی دەنگداندا، هەستی بە چ نیشانەیەک کرد، ئەوا دەبێت پشوو بدات یاخود بگەیێندرێتە بنکەیەکی فریاکەوتن؟
د. سۆران محەممەد: ئەگەر کەسێک نیشانەکانی دابەزینی شەکرەی لێدەرکەوتن وەکو (ئارەقەکردنەوە، بێهێزی، بەرچاوڕەشبوون و بوورانەوە) ئەوا بچێتە نزیکترین بنکەی تەندروستی یاخود کەسانی دەوروبەری نوقڵێک یان شوکولاتەیەکی شیرینی بداتێ.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن لەڕۆژی دەنگدان
رووداو: تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن لە بەیانیی رۆژی دەنگداندا ژەمی بەیانی چی بخۆن بۆئەوەی وزەیەکی زۆریان هەبێت؟
د. سۆران محەممەد: هەر وەکو رۆژانی ئاسایی خۆراک بخۆن، بەڵام دەبێت دوور بکەونەوە لە خۆراکە سوێر و لەقوتوونراوەکان، گرنگیشە کە گوێز و بەرهەمە سپیاییەتییەکان بخۆن.
رووداو: تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن پێویستە دەرمانەکان لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ بنکەکانی دەنگدان لەکاتی نۆرەی دەنگدانیان؟
د. سۆران محەممەد: ئەوانەی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، بەپێی رێنوێنیی پزیشکەکەی پابەندی کاتی دەرمانەکان بێت و پێویست ناکات دەرمان لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ بنکەکانی دەنگدان.
رووداو: ئەگەر تووشبووی بەرزەپەستان لە نۆرەی دەنگداندا، هەستی بە چ نیشانەیەک کرد، دەبێت پشوو بدات یاخود بگەیێندرێتە بنکەیەکی فریاکەوتن؟
د. سۆران محەممەد: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن مەترسیدارترە لە دابەزینی، سەرئێشە نیشانەی هەرە باوە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کە دوای پێوانی پەستانەکە، ئەگەر بەرز بوو ئەوا سەردانی نزیکترین بنکەیەکی تەندروستی بکات.
رووداو: بۆ ئەوانەی پەستانی خوێنیان دادەبەزێت، خێراترین خۆراک یاخود شت چییە کە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە لەکاتی دابەزینی؟
د. سۆران محەممەد: نیشانەکانی دابەزینی پەستانی خوێن بریتین لە (بێهێزی، بەرچاوڕەشبوون، بوورانەوە، ماندووێتی و شەکەتی) کە لەو کاتەدا ماستاوێکی سوێر یان شەربەتێکی میوەی پێبدرێت.