توێژینەوەیەک لە ئوسترالیا: میوزیک ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە بەساڵاچوواندا کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئوسترالیا ئاشکرای دەکات، ئەو بەساڵاچووانەی گوێ لە میوزیک دەگرێت ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە کەمە و مێشکیان باشتر کار دەکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی مێڵبۆرن لە ئوسترالیا لەسەر 10 هەزار و 800 بەساڵاچوو کرا و دەرکەوت، ئەگەر بەساڵاچووان رۆژانە گوێ لە میوزیک بگرن، 35٪ ئەگەری تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە کەمتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەوانەی ژەنیارن و ئامێرێکی میوزیک دەژەنن، ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ 40٪.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری International Journal of Geriatric Psychiatry بڵاو کراوەتەوە و ئیما جافا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: میوزیک هاندەرێکی سەرەکییە بۆ باشترکردنەوەی خانەکانی مێشک و چالاککردنیان بەتایبەت لە تەمەنی بەساڵداچووندا. هەرچەندە توێژینەوەکە جۆری میوزیکەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام سەرپەرشتیارەکە پێشنیاز دەکات، میوزیکی هێمن و لەسەرخۆ دەکرێت بەسوودتر بێت بۆ ئەوە.
بە گوێرەی CDC، هەریەک لە هۆکارەکانی 'خواردنەوەی کحول، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، کەمیی ڤیتامین D، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، خەمۆکی، قەڵەوی و تەمەن' دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ئەم هۆکارانە دەشێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیادبکەن؛
- خواردنەوەی کحول
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- کەمیی ڤیتامین D
- شەکرە
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- خەمۆکی
- قەڵەوی
- بەساڵداچوون