تیمێک شێوەی زۆرینەی مرۆڤەکانی ساڵی 2050 ئاشکرا دەکات

رووداو - تەندروستی

تیمێکی تەکنەلۆژیی یەکێک لە ئەپلیکەیشنە تەندروستییە جیهانییەکان بە ژیریی دەستکرد مۆدێلێکی مرۆڤ ئاشكرا دەکەن و دەڵێت، داهاتووی شێوەی زۆرترین مرۆڤە لە ساڵی 2050دا.
 
ئەو تیمە سەر بە ئەپی WeWardـی جیهانییە کە هانی خەڵک دەدات، وەرزش بکەن و شێوازی ژیانی تەندروستییان هەبێت، تیمەکە مۆدێلێکی مرۆڤیان بڵاو کردووەتەوە بە ناوی (سام) کە نیشان دەدات، ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بێت لە شێوازی ژیانی ناڕێک (زۆربەکارهێنانی مۆبایل، دانیشتنی زۆر و زۆرخواردنی خۆراکە خێراکان) ئەوا بەو شێوەیەی لێدێت.
 
مۆدێلەکە لە میدیاکانی بەریتانیا بە ''قێزەون و ترسناک'' وەسف دەکرێت، چونکە کەسێک نیشان دەدات کە پشتی چەماوەتەوە و چاوەکانی ماندوو و زەقن، پێیەکانیشی ئاوساون و ورگیشی هەیە.
 
تیمی ئەپی WeWard رایدەگەیێنێت، مۆدێلەکەیان لەسەر بنەمای داتا و ئەنجامەکانی توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان داناوە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زۆردانیشتن و کەمیی چالاکیی جەستەیی بە گەورەترین ئاستەنگی جیهانیی سەدەی 21 داناوە. پسپۆڕانی تەندروستیی گشتیش جەخت لەوە دەکەنەوە، ''وەرزشی رۆژانە شتێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی جەستەیی، دەروونی و بایۆلۆژییە''.
 
چی بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لەو شێوەیەی مرۆڤ بکرێت؟
 
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون