توێژینەوەیەکی نێوخۆیی: دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و عێراق خەمۆکن
رووداو - تەندروستی
خانمان، گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ، کەسانی جیابووەوە، و ئەوانەی باری ئابووری و تەندروستییان باش نییە، لەو گروپە سەرەکییانەن کە بە ڕێژەیەکی بەرز دووچاری خەمۆکی و دڵەڕاوکێی توند بوونەتەوە. ئەمە دەرەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی هاوبەشی نێوان زانکۆکانی سۆران و کۆیەیە کە لەسەر ئاستی 18 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
توێژینەوەکە کە 3 هەزار و 107 کەس تێیدا بەشدار بوون، ئاستی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان ئاشکرا دەکات و دەریدەخات کە 20.4%ی بەشداربووان بەدەست خەمۆکیی توند و 12%یشیان بەدەست دڵەڕاوکێی توندەوە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-1-2026 د. کاروان کاکەبرا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە بوڵتەنی تەندروستی، ئاماژەی بە جیاوازیی رێژەکان لە نێوان ناوچەکاندا کرد و رایگەیاند رێژەی خەمۆکیی توند لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 22.3% بووە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 19.3% تۆمارکراوە. هەروەها دڵەڕاوکێی توند لە ناوەڕاست و باشووری عێراق 14.5% و لە هەرێمی کوردستان 10.6% بووە.
یەکێک لە دەرەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کێشەی دارایی قورستر دەبنەوە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام ئاستی تووشبوونیان بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ تا رادەیەک کەمتر تۆمار کراوە.