پسپۆڕێک: بەهۆی زۆر بەکارهێنانی شاشەکانەوە نەخۆشییەکانی چاو زیادبوون

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو ئاشکرای دەکات، زۆربەکارهێنانی شاشەکان دەشێت ببێتەهۆی سەرئێشە کە رەنگە هۆکارەکەی بۆ تێکچوونی پەستانی چاوەکان بگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-2-2025 د. ئارین ئەمیر، پسپۆڕی چاو لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال گوتی، بەهۆی لاوازبوونی ماسوولکەکانی چاوەوە دەشێت کاریگەریی لەسەر سەرئێشە هەبێت و وا پێویستە لەکاتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و شاشەکانی دیکە ناوە ناوە پشوو بە چاوەکان بدرێت.
 
د. ئارین ئەمیر دەڵێت: بەهۆی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و شاشەکانەوە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە چاوەوە زیادبووە.
 
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە، لەکاتی خوێندنەوە پشوو بدرێت و یاسای 20،20،20 بەکاربێت، بەجۆرێک لەکۆی 20 خولەک خوێندنەوە 20 چرکە سەیری دوورییەک بکرێت کە لانیکەم 20 پێ کە دەکاتە شەش مەتر یاخود زیاتر دووربێت.