بۆکسێنەرێکی جیهانی دەبێتە باڵیۆزی خۆراکی تەندروست لە ئەمریکا

رووداو - تەندروستی

مایک تایسن، ئەستێرەی دیاردەی بۆکسێنی ئەمیرکی بووە باڵیۆزی خۆراکی تەندروست لە حکومەتەکەی ترەمپ. ئەو دەڵێت، ئەمە گەورەترین شەڕی ژیانیەتی کە بە خەڵک بڵێت ''خۆراکی تەندروست بخۆن''.
 
مایک تایسن، پاڵەوانی پێشووی یاریی بۆکسێن بە فەرمی بووە بە باڵیۆزی هاندانی خەڵک بۆ خواردنی خۆراکی تەندروست لە ئەمریکا و یەکەم رێکلامی خۆی بە دروشمی ''خۆراکی راستەقینە بخۆ'' لەکاتی یارییەکی رەگبیدا پێشاندرا.
 
ئەو باڵیۆزە 59 ساڵە دەڵێت: ئەمە گەورەترین شەڕی ژیانمە کە خەڵک هانبدەم خۆراکی تەندروست بخۆن و دووربکەونەوە لە خۆراکە ئامادەکراوەکان.
 
تایسن مێژوویەکی خەمناکی لەگەڵ قەڵەوی هەیە و خوشکەکەی بەهۆییەوە جەڵتەی دڵ لێیداوە و گیانی لەدەستدا.
 
رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا دەڵێت: ئەمریکییەکان رێژەیەکی زۆر خۆراکی پڕ لە کالۆریی بەرز دەخۆن، ئەمەش ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتە، بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە زیاد دەکات.
 
لەژێر ناونیشانی ''ئەمریکا تەندروست دەکەین'' حکومەتەکەی ترەمپ بە رابەرایەتیی رۆبەرت کێنێدی تائێستا چەند سیستمێکی نوێیان لە کەرتی تەندروستی گۆڕیوە و ئامانجیانە خەڵک تەندروستتر بن و رێژەی قەڵەوی کەم ببێتەوە، یەکێک لەوانە گۆڕینی هەڕەمی خۆراکی بوو، پاشانیش بایەخدان بە ڤاکسینەکان.