بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ دوای نەوت خواردنەوە، منداڵ نەڕشێندرێتەوە
رووداو- هەولێر
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لە چوار بابەتی سەرەکی پێکدێت. پسپۆڕێکی منداڵان باس لەو هەڵە باوانەی سەیران دەکات کە ژیانی منداڵ دەخەنە مەترسییەوە، لە بڕگەیەکی دیکەدا پسپۆڕێکی خانمان دەڵێت: ''نەخۆشخانە تایبەتەکان مەرجە تەندروستییەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون پەیڕەوناکەن.''
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بەرنامەکەدا باس لە منداڵی ناکام دەکات و دەڵێت: ''لەدایکبوونی منداڵ بە ناکامی زیانی بۆ دایک و کۆرپەکەش دەبێت، بەجۆرێک دەبێتەهۆی کەمیی کێش و ناڕێکیی لە کۆئەندامی هەناسەی کۆرپە.''
دکتۆر قانیعە گەڵاڵی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون گوتی، دوور نییە منداڵانی ناکام بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گیانلەدەستبدەن، چونکە زۆرجار تووشی پووکانەوەی سییەکان دەبن؛ هەروەها دەشڵێت: ''پێویستە کۆرپەلە لەنێو سکی دایکیدا کاتی خۆی تەواو بکات کە 38 بۆ 40 هەفتەیە.''
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، بەهۆی "جوانیی رێککەوتەوە" زۆرێک لە دایکان بڕیاردەدەن کە منداڵەکەیان بە ناکامی لەدایک بێت، لەکاتێکدا باشترین تەمەن بۆ لەدایکبوونی منداڵ لە هەفتەی 39ـی دووگیانیدایە.
دکتۆر ئازاد عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵانە و دەڵێت: ''منداڵ ئەگەر پێش کاتی خۆی لەدایکببێت دەشێت دووچاری ئیفلیجی مێشک، ناڕێکیی لە خواردنەوەی شیر و کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە ببێت.''
لە بەرنامەکەدا پسپۆڕەکەی خانمان ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرجەم گرفتە تەندروستییەکانی منداڵی ناکام بەهۆی ئەوەیە کە هیچ ئەندامێکی بەتەواوەتی دروستنەبووە، بەمەش زیاتر تووشی ''هەوکردن، سەرمابوون، ژەهراویبوون و ئیفلیجیی مێشک'' دەبن.
منداڵی لەدایکبووی پێشوەختە زیاتر دووچاری گرفتەکانی سییەکان دەبن، دکتۆر ئازاد هۆکارەکەی باسدەکات و دەڵێت: ''مادەی پارێزەری سییەکان لە 38 هەفتەی دووگیانی دروستدەبێت، ئەگەر پێش ئەو کاتە لەدایکببێت ئەوا سییەکانی تووشی هەوکردن و هەناسەتەنگی دەبن.''
لە کۆتاییدا دکتۆر قانیعە گەڵاڵی وەکو پسپۆڕێکی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، پێویستە رێکارەکانی نەشتەرگەریی لەدایکبوون لە نەخۆشخانەکان رێکبخرێنەوە و لە نەخۆشخانە تایبەتەکان لیژنەیەک بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون دابنرێت و تەنیا لە کاتی پێویست نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدرێت.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا باس لەو هەڵە باوانە دەکرێت کە لەکاتی سەیراندا منداڵ تووشیان دەبێت، باوترینیان نەوت خواردنەوەیە و دکتۆر ئازادیش دەڵێت: ''بەهیچ شێوەیەک نەوت لەنێو دەبەی ئاو هەڵنەگیرێت.''
دکتۆر ئازار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گوتی، رشاندنەوەی منداڵ دوای خواردنەوەی نەوت کارێکی هەڵەیە، چونکە مەترسیی نەوت خواردنەوەکە زیاددەکات.
دکتۆر ئازار چەند رێنوێنییەک لەکاتی خواردنی نەوت لەلایەن منداڵانەوە باسدەکات و دەڵێت: "دوای خواردنەوەی نەوت، جلەکانی منداڵەکە دابکەندرێن و شوێنە نەوتاوییەکانی بشۆردرێن، هەروەها منداڵەکە ئاو لەنێو دەمی وەربدات. لە کاتی خراپبوونی بارودۆخی منداڵەکە پێویستە ببرێتە بەشی فریاکەوتن."
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر ئازاد هۆشداریدا، دوای خواردنەوەی نەوت، بەبێ راوێژی پزیشک نابێت راستەوخۆ گەدەی منداڵ بشۆردرێت.
بەشێکی بەرنامەکە تایبەتە بە دیاردەیەکی باوی نێو وەرزشڤانان کە ناسراوە بە ''زمان هەڵگەڕانەوە''، بەڵام دکتۆر ئاوارە عومەر دەڵێت: ''هۆکاری زمان هەڵگەڕانەوە بۆ خاوبوونەوەی زمان دەگەڕێتەوە، چونکە لەکاتی خاوبوونەوەیدا، زمان تووشی هەڵگەڕانەوە دەبێت.''
ئەو پزیشکەی فریاکەوتن لە نێو ستۆدیۆ فریاگوزاریی خێرا بۆ تووشبوویێکی هەڵگەڕانەوەی زمان دەکات و رایدەگەیێنێت، ''لەکاتی هەڵگەڕانەوەی زمان، کەسەکە بخرێتە سەر لای چەپ و هیچ شتێک نەخرێتە نێو دەمی.''
لە کۆتاییدا دکتۆر ئاوارە عومەر گوتی، دوورنییە هەڵگەڕانەوەی زمان ببێتەهۆی گیانلەدەستدان و ئەوەشی دەرخست کە فریاگوزاریی خێرا دەشێت ژیانی کەسەکە لە مردن رزگاربکات.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باسی دژەخۆر دەکات و دەڵێت: ''بۆ مەبەستی پاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر بەکاردێت.''
دکتۆر ڤان سۆران، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست گوتی، دژەخۆر پێست لە سووتان بە تیشکی خۆر دەپارێزێت، تەنانەت ئەوەش ئاشکرادەکات، تیشکی خۆر هۆکارێکە بۆ دروستبوونی شێرپەنجەی پێست.
پسپۆڕەکە بەکارهێنانی دروستی دژەخۆر رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''پێوستە 15 بۆ 20 خولەک پێش چوونە دەرەوە بەکاربێت و نابێت مەساجی بۆ بکرێت''، لەنێو بەرنامەکەشدا بە شێوەیەکی کردەیی بەکارهێنانی دژەخۆر رووندەکاتەوە.
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.