بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ: تووشبووانی جەڵتەی دڵ و مێشک رەوانەی دهۆک و هەولێر دەکەین
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەبوونی سەنتەرێکی تایبەت بە قەستەرە و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار کێشەی جیدییان تووشبووە و نەخۆشێکی زۆر رەوانەی دهۆک و هەولێر دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2026 د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، زۆر پێویستیان بە قەستەرە هەیە لە سنووری ئاکرێ، بەڵام تائێستا هیچ سەنتەرێکی قەستەرە نییە و ئەمەش وایکردووە کە 90٪ـی حاڵەتە کتوپڕەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن رەوانەی دهۆک و هەولێر بکرێن.
د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت: سێ ساڵە رەزامەندی دراوە لەسەر دروستکردنی سەنتەری قەستەرە لە ئاکرێ، بەڵام تائێستا نەبووەتە تەندەر و کار لەسەر دروستکردنی نەکراوە.
ئەوەش روون دەکاتەوە، هەر کەسێک جەڵتەی دڵ لێی بدات یاخود تووشی نەخۆشییە کتوپڕەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بێت، ناتوانن چارەسەر و پشکنینی بە قەستەرە بۆ بکەن و رەوانەی دهۆک یان هەولێری دەکەن کە ئەمەش خەرجیی زیاترە بە کەسوکاری نەخۆش و جێی مەترسیی رووداوەکانی هاتووچۆیە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ کێشەیەکی دیکەیان باس دەکات و دەڵێت: پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارمان نییە و هەر کەسێک جەڵتەی مێشک یاخود زەبری مێشکی هەبێت، دەبێت راستەوخۆ رەوانەی دهۆک بکرێت.
زۆرترین کەیسەکانی نەخۆش
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی گشتیی ئاکرێ کە ناوی (نەخۆشخانەی گوڵان)ـە، تەنیا لە مانگی رابردوودا چوار هەزار و 280 کەس سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە و حەوت هەزار و 521 کەسیش سەردانی راوێژکارییەکانیان کردووە. د. سەروار گوتی کە زۆرترین نەخۆشییەکان هەناوین و جۆرە ڤایرۆسێکیش باوە کە تووشی کۆئەندامی هەرس دەبێت.
ژمارەی دانیشتووانی قەزای ئاکرێ بە بەردەڕەشیشەوە نزیکەی 400 هەزار کەس دەبێت. دوو نەخۆشخانەی گەورە لە ئاکرێ هەن (نەخۆشخانەی گوڵان) و (نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون) کە تەنیا لەوەی دووەمیان ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار منداڵ لەدایکدەبن و زۆرجاریش تەختەکانی نێو نەخۆشخانەکە پڕن لە منداڵ و هەزارانیش چارەسەر دەکرێن.