نیشانەکانی ژەهراویبوون بە قارچک چین و چارەسەری سەرەتایی چییە؟
رووداو - تەندروستی
راوێژکارێکی نەخۆشییەکانی هەناو هۆشداری دەدات لەبارەی مەترسییەکانی ژەهراویبوون بە قارچک و رایدەگەیێنێت، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جگەر هەیە و پێویستە بە زووترین کات چارەسەر وەربگیرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-2-2026 پڕۆفیسۆر د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، نیشانە سەرەتاییەکانی ژەهراویبوون بە قارچک بریتین لە رشانەوە، سکچوون و ئازاری سک، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر جگەر دادەنێت و دەبێتە هۆی پەکەوتنی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ژەهری قارچک بە کوڵاندن لەنێو ناچێت، بەڵکو رەنگە ژەهرەکە بەهێزتریش بێت.
بە گوتەی پڕۆفیسۆر د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، زۆر گرنگە کەسەکە دوای خواردنی قارچکی ژەهراوی بڕشێتەوە بۆ ئەوەی ژەهرەکە لە جەستەی بێتە دەرەوە. روونیشیکردەوە، کاتێک ژەهرەکە دەچێتە نێو خوێنەوە، زیان بە جگەر دەگەیێنێت، بۆیە پێویستە لە ماوەی کاژێرێکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
پڕۆفیسۆر د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، جەختی لەوەش کردەوە کە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو دوای هەستکردن بە ژەهراویبوون بە قارچک یەکێکە لە چارەسەرە سەرەتاییە گرنگەکان.