توێژینەوەیەک: یەک کۆرسی ئەنتیبایۆتیک دەتوانێت بۆ ساڵانێک زیان بە ریخۆڵەکان بگەیێنێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریخستووە، تەنانەت یەک کۆرسی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ کاریگەریی نەرێنی لەسەر مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەکان (کۆمەڵەی بەکتریا و میکرۆبە سوودبەخشەکان) هەبێت.
 
کۆلێژی ئیمپریال لە بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات ئەنتیبایۆتیکەکان نەک تەنیا ئەو بەکتریایانە دەکوژن کە دەبنە هۆی هەوکردن، بەڵکو کاریگەری لەسەر بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەش دادەنێن، ئەو بەکتریا سوودبەخشانە رۆڵێکی گرنگیان لە رێکخستنی بەرگریی لەش، هەرسکردنی خۆراک و پاراستن لە هەوکردن هەیە. لەدەستدانیان رێگە بۆ گەشەکردنی میکرۆبە زیانبەخشەکان خۆش دەکات.
 
د. جەیمس کینرۆس لە کۆلێژی ئیمپریال بەریتانیا دەڵێت: "بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدواداچوونمان بۆ 15 هەزار کەس کرد، دەرکەوتووە یەک کۆرسی ئەنتیبایۆتیک دەتوانێت زیانی درێژخایەنی هەبێت و مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو زیاد بکات."
 
د. جەیمس کینرۆس گوتی " ئەنتیبایۆتیکەکان نەک تەنیا ئەو بەکتریایانە دەکوژن کە دەبنە هۆی هەوکردن، بەڵکو کاریگەری لەسەر بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەش دادەنێن، ئەو بەکتریا سوودبەخشانە رۆڵێکی گرنگیان لە رێکخستنی بەرگریی جەستە، هەرسکردنی خۆراک و پاراستن لە هەوکردن هەیە، لەدەستدانیان رێگە بۆ گەشەکردنی میکرۆبە زیانبەخشەکان خۆش دەکات."
 
چۆن ریخۆڵەکانت دەپارێزیت؟
 
دکتۆر کینرۆس رێنوێنی دەدات کە ئەگەر بەڕاستی پێویستت بە ئەنتیبایۆتیک بوو وەریبگرە، بەڵام بەم شێوەیە پلان بۆ پاراستنی ریخۆڵەکانت دابنێ: 
 
1. دڵنیابە کە بەڕاستی پێویستت پێیەتی: ئەنتیبایۆتیکەکان چارەسەری نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان ناکەن، وەک هەڵامەت و ئەنفلۆنزا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر لە 20%ی رەچەتەکانی ئەنتیبایۆتیک رەنگە پێویست نەبن.
 
2. جۆری ئەنتیبایۆتیکەکە بزانە: هەندێک ئەنتیبایۆتیک زیانی زیاترە، ئەنتیبایۆتیکە "بەرین مەوداکان" (broad-spectrum) زیاتر لە جۆرە "بەر تەسکەکان" (narrow-spectrum) زیان بە مایکرۆبایۆم دەگەیێنن. راوێژ بە پزیشک بکە.
 
3. لە خۆراکی شیرین و پرۆسێسکراوەکان دووربکەوەرەوە: خۆراکی ناتەندروست ژینگەی گەشەکردنی میکرۆبە زیانبەخشەکان خۆش دەکات و کاریگەریی ئەنتیبایۆتیکەکان کەمدەکاتەوە.
 
4. ریشاڵ و خۆراکی هەوێنکراو بخۆ: خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ریشاڵ وەک سەوزە، دانەوێڵەی تەواو و پاقلەمەنییەکان، پشتگیریی مایکرۆبایۆم دەکات، هەروەها خواردنی خۆراکە هەوێنکراوەکان (fermented foods) وەک ماستی کەفیر، کیمچی و ترشیاتی کەلەرم یارمەتیدەرن بۆ گەڕاندنەوەی بەکتریا سوودبەخشەکان.