توێژینەوەیەک: خواردنەوەی 2 بۆ 3 کووپ قاوە مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی لە چین دەریدەخات رۆژانە خواردنەوەی رێژەیەکی مامناوەند لە قاوە، مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونەکانی ئاوەز و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی فودان لە چین شیکارییان بۆ داتای تەندروستیی زیاتر لە 400 هەزار کەس کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی رۆژانە 2 بۆ 3 کوپ قاوە دەخۆنەوە، کەمترین مەترسیی تووشبوونیان بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ هەیە، کاریگەرییەکانیشی لەسەر پیاواندا بەهێزتر بووە بەراورد بە خانمان.
زانکۆی فودان ئاماژە بەوەدەکات سوودەکانی قاوە لە ئاستی مامناوەنددا دەگەنە لوتکە و لە هەردوو لایەنی کەم و زۆردا کاریگەرییان کەمترە، بۆ نموونە خواردنەوەی 5 کوپ یان زیاتر لە رۆژێکدا، مەترسیی تێکچوونی ئاوەز (میزاج) زیاد دەکات.
زانکۆ چینییەکە هۆکاری ئەم کاریگەرییەی بۆ مادەی کافاین دەگەڕێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی بلۆککردنی ئەدینۆسین (ماددەیەکی کیمیایی مێشکە کە هەستی ماندووبوون دروست دەکات) و هاندانی دۆپامین (ماددەیەک کە پەیوەندی بە هەستی چێژ و هاندانەوە هەیە).