خوێندکارانی پەرستاریی پەیمانگەیەک 'پشکنینی گشتی' بۆ کارمەندانی رووداو دەکەن
رووداو - تەندروستی
خوێندکارانی بەشی پەرستاریی پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بێست ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانیی پەرستاران هەڵمەتێکی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو ساز کرد.
ئامانج یونس، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی پەیمانگەکە دەڵێت، بۆ بەرزڕاگرتنی رۆژی پەرستاران و خزمەتێک بە کارمەندانی تۆڕی میدیای رووداو ئەم هەڵمەتەیان ئەنجام داوە، ئەوەش باس دەکات، رووداو بە بەرنامە و مژارە تەندروستییەکانی خزمەتێکی زۆری بە تەندروستیی کۆمەڵگە گەیاندووە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەرستارانە و بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستیی رووداو، پەرستاران 58٪ـی کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە جیهاندا 29 ملیۆن پەرستار و 2.2 ملیۆن پەرستاری مامانی هەن، هەروەها رێکخراوەکە پێشبینی دەکات تاوەکو پێنج ساڵی دیکە 4.5 ملیۆن پەرستار کورتهێنان هەبێت.