هاوژین عوسمان: رێژەی کەمیی پەرستار لە هەندێک نەخۆشخانە گەیشتووەتە سەروو 70٪
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ئاشکرای دەکات، کەمیی پەرستار لە هەندێک نەخۆشخانەی حکومی 50٪ و لە هەندێکیش گەیشتووەتە سەروو 70٪.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-5-2025 هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، هەزاران پەرستار زانکۆیان تەواو کردووە و دانەمەزراون، لەکاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکان ژمارەی پەرستاریان کەمە.
بایەخی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی لەنێو سیستمی وەزارەتی تەندروستی کەمە و زیاتر سەرنج لەسەر پزیشکانە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەرستارانە و بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستیی رووداو، پەرستاران 58٪ـی کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
بە گوێرەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان کە تایبەت بە رووداوی تەندروستی ئامارەکانی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 هەزار پەرستار و کارمەندانی تەندروستی هەن کە ژمارەی پەرستاران 29 هەزار کەسە.