زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیان: ساڵی داهاتوو بەشی پەرستاری بۆ بەکالۆریۆس دەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیان رایدەگەیێنێت، رێژەی پەرستار لە گەرمیان کەمە و پڕۆژەیەکی نوێی زانکۆکەش ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-5-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی پەرستاران، د. چیا محەممەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیان رایگەیاند، ساڵی داهاتوو بەشی پەرستاری بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەکرێتەوە.
بەگوتەی د. چیا محەممەد، نزیکەی دوو هەزار پەرستاریان لە خوێندنی بەیانیان و ئێواران پێگەیاندووە، بەڵام هێشتا باسی ئەوە دەکات کە لە گەرمیان پەرستار کەمە.
ئەو ئامارێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باس دەکات کە بۆ هەر 300 کەسێک، یەک پەرستار دانراوە، بەڵام لە گەرمیان رێژەکە زۆر لەوە کەمترە و هەر بۆیە دەڵێت: ساڵی داهاتوو لە زانکۆکەیان بەشی پەرستاری بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەکرێتەوە.