پەیامی پەرستاران لە رووداوەوە؛ ''پەرستاران مافخوراون و بە کاتێکی زۆر و بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن''

رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەرستارانە، چەند پەرستارێک لە شوێنی جیاوازەوە پەیامی خۆیان بە رووداو گوتووە و یەکێک لەوانە دەڵێت: ''پەرستاران مافخوراون و بە کاتێکی زۆر و بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن''، پسپۆڕێکیش گوتی، لاوازیی رۆڵی پەرستاران بۆشاییەکی گەورەی سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستانە.
 
شاگوڵ خەلیل، خوێندکارێکی کۆلێژی پەرستارییە لە رانیە و دەڵێت: ''پەرستاران مافخوراون و بە کاتێکی زۆر بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن''.
 
هەروەها ئاراس قادر، پەرستارێکە لەو دەڤەرە و گوتی، پەرستاران بڕبڕەی پشتی نەخۆشخانەکانن، بەڵام چینێکی ستەملێکراون.
 
لای خۆشیەوە د. عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی سەلامەتیی تەندروستی رایدەگەیێنێت، لاوازیی رۆڵی پەرستاران بۆشاییەکی گەورەی سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستانە و کێشە لە بەڕێوەبردن و دابەشکردنیان هەیە.
 
ئەوەش باس دەکات، ژینگەی هەرێمی کوردستان هاندەر نییە بۆ پێشکەوتنی پەرستاران کە داهێنان بکەن و تواناکانیان بەرەو پێشەوە ببەن.
 
لە هەڵەبجە و لە بۆنەیەکی رێزلێگرتن لە پەرستاراندا، چەند پەرستارێک داوایەکیان ئاراستەی رووداو کردووە بەوەی کە دەیانەوێت ماستەر و دکتۆرا بخوێنن، بەڵام هەلی ئەوەیان پێنادرێت.
 
ئەوین ئەمین، پەرستار دەڵێت: ''لە کەرتی گشتی هەلی کار نەماوە بۆ خۆبەڕێوەبردنی پەرستاران، بۆیە کەرتی تایبەت بایەخی زیاتری پێدراوە''.
 
بەرهەم حەسەن، پەرستارێکی دیکەی هەڵەبجەیە و گوتی، ئەگەر پەرستارێکی دامەزراو بەکالۆریۆسی هەبێت و بیەوێت ماستەر یاخود دکتۆرا بخوێنێت، ئەوا دەرفەتی ئەوەی نابێت و ناچارە بە پارە بخوێنێت.
 
لەبارەی دەرماڵە تایبەتەکانی پیشەی پەرستاری سەعد مەهدی کە پەرستارێکی هەڵەبجەیە ئاماژە بەوەدەکات، گرنگە دەرماڵە تایبەتەکان بۆ پەرستاران دابینبکرێن و بایەخیش بە دۆزینەوەی هەلی کار بدرێت.
 

بەدواداچوونێکی رووداو: پەرستاران 58٪ـی کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن
 
بە گوێرەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان کە تایبەت بە رووداوی تەندروستی ئامارەکانی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 هەزار پەرستار و کارمەندانی تەندروستی هەن کە ژمارەی پەرستاران 29 هەزار کەسە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-5-2025 عیسا خانۆ، جێگری سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، ئەندامانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی 34 هەزار و 234 کەسە و پەرستاری ئەندامیش لەو سەندیکایە 16 هەزار و 520 کەسە.
 
بەکۆی گشتی، پەرستاران 58٪ـی کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە جیهاندا 29 ملیۆن پەرستار و 2.2 ملیۆن پەرستاری مامانی هەن، هەروەها رێکخراوەکە پێشبینی دەکات تاوەکو پێنج ساڵی دیکە 4.5 ملیۆن پەرستار کورتهێنان هەبێت.
 
ئەمەی خوارەوە ژمارەی پەرستارانی هەندێک وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛
 
- لە ئەمریکا 4,700,000 پەرستار
- لە بەریتانیا 731,058 پەرستار
- لە تورکیا 232,000 پەرستار 
- لە ئێران 215,000 پەرستار
- لە هەرێمی کوردستان 29,000 پەرستار