هۆڵەندا: 12 کارمەندی نەخۆشخانەیەک بەهۆی 'ڤایرۆسی هانتا'وە کەرەنتین کران

 
رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەیەکی هۆڵەندا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، 12 کارمەندیان کەرەنتین کردووە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە نەخۆشێکی هەڵگری ڤایرۆسی هانتا بۆ لای ئەوان گواسترایەوە، بەڵام بەهۆی پەیڕەونەکردنی رێکارە تەندروستییەکان بە دروستی، ئەو کارمەندانە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، نەخۆشخانەی زانکۆی رادبود لە رۆژهەڵاتی هۆڵەندا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵەی رێکاری لە کاتی وەرگرتنی خوێن و فڕێدانی میزی نەخۆشەکەدا روویداوە. نەخۆشخانەکە دەڵێت، "بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، 12 فەرمانبەر بۆ ماوەی 6 هەفتە وەک رێکارێکی خۆپارێزی دەچنە کەرەنتینەوە، هەرچەندە مەترسیی تووشبوونیان کەمە."
 
بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەکە، هەڵەی یەکەم لە رۆژی پێنجشەممە و لە کاتی وەرگرتنی خوێنی نەخۆشەکەدا روویداوە. هەرچەندە رێکارە ستانداردەکان پەیڕەو کراون، بەڵام بەهۆی سرووشتی ڤایرۆسەکەوە، دەبوو خوێنەکە بەپێی رێکارێکی تووندتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە؛ رۆژی شەممەش دەرکەوتووە کە لە کاتی فڕێدانی پاشماوەکانی نەخۆشەکەشدا هەمان هەڵە دووبارە بووەتەوە.
 
بێرتین لاهویس، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە، رایگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی ئەگەری تووشبوونی راستی زۆر کەمە، بەڵام ئەم رێکارانە کاریگەری و گوشارێکی زۆریان لەسەر هەموو تێوەگلاوەکان هەیە."
 
لاهویس گوتیشی، ئەوان بەداخەوە سەیری رووداوەکە دەکەن و لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرن.
 
ئەو نەخۆشەی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رۆژی پێنجشەممە بە ئەمبووڵانسێکی ئاسمانی لە کەشتیی گەشتیاریی "MV Hondius"ـەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی رادبود و دواتر پشتڕاست کرایەوە کە ئەنجامی پشکنینەکەی بۆ ڤایرۆسی هانتا پۆزەتیڤ بووە.
 
ڤایرۆسی هانتا ڤایرۆسێکی مەترسیدارە کە زۆرجار لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە، وەک مشک بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشیی تووندی کۆئەندامی هەناسە، ئەمەش وایکردوە نەخۆشخانەکە رێکاری تووند بەرامبەر کارمەندەکانی بگرێتەبەر.