توێژەرانی چین 20 ڤایرۆسی نوێ لەنێو شەمشەمەکوێرەکانی وڵاتەکەیان دەدۆزنەوە

رووداو - تەندروستی

توێژەرانی چین پشکنینی ڤایرۆسیان بۆ چەندین جۆری شەمشەمەکوێرەی ناوچەکەیان کردووە و رایدەگەیێنن، 20 ڤایرۆسی نوێیان تێدا دۆزراوەتەوە کە دووانیان مرۆژەڵین و کوشندەن.
 
توێژەرانی بەشی تەندروستیی گشتیی زانکۆی داڵی لە چین توێژینەوەیان لەسەر 142 شەمشەمەکوێرەی نزیک باخەکانی میوە لە پارێزگای یونان لە چین کردووە، دەرکەوت؛ 20 ڤایرۆس و چەند جۆرێکی بەکتریا و مشەخۆریان تێدا دۆزراوەتەوە کە نوێن و تائێستا درکیان پێ نەکراوە.
 
گۆپینگ کوانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: شوێنی شەمشەمەکوێرەکان زۆر نزیکە لە مرۆڤەوە، ئەمەش ئەگەرێکی زۆرتر دەخاتە سەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیانە بۆ مرۆڤ.
 
گۆپینگ کوانگ دەشڵێت، ''کوشندەیی ڤایرۆسە نوێیە مرۆڤەڵییەکان هاوشێوەی ڤایرۆسی نیپایە''، کە بە پێی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، هیچ چارەسەرێک و ڤاکسینێکی نییە و رێژەی کوشندەیی دەگاتە 40٪ بۆ 75٪.
 
توێژەرانی وڵاتانی دیکە داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن، تاوەکو پەتایەکی دیکەی هاوشێوەی کۆڤید-19 بە جیهاندا بڵاو نەبێتەوە و ببێتەهۆی مردنی سەتان ملیۆن کەس.