هاونیشتمانییەکی بەردەڕەش دەستی دەشکێت و لە بنکە پێی دەڵێن، لە دەرەوە برینپێچمان بۆ بێنە
رووداو - تەندروستی
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هاونیشتمانییەکی قەزای بەردەڕەش تەندروستیی قەزاکەی هێنایە دەنگ و ئێستا ئەوان داوای یاساییان بەرامبەر تۆمار کردووە. هاونیشتمانییەکە بۆ شکانی دەستی دەچێتە بنکە و دەڵێت: نە برینپێچی لێبووە و نە رۆڵە، بۆیە پێیان گوتووە، لە دەرەوە بیکڕێت.
ئەو گەنجە ناوی شێروانە و لەو ڤیدیۆیەی بڵاوی کردووەتەوە مەبەستیەتی کە بڵێت، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی کەلوپەل دابین دەکات، بۆچی بە نەخۆش دەگوترێت بچۆ لە دەرەوە بیکڕە؟ ئەمڕۆ شەممە 12-7-2025 شێروان زراری، هاونیشتمانیی قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و بە رووداوی راگەیاند، دانیشووانی قەزاکە لە کەرتی تەندروستیی رازی نین.
شێروان زراری گوتی، ''بازرگانی بە پێداویستییە پزیشکییەکانی قەزای بەردەڕەشەوە دەکرێت''، ئەو بانج و رۆڵەیەی لە بنکەکە نەبووە بە بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ قسەکانی، پاشان تەندروستیی بەردەڕەش بڵاوی کردەوە ''ئەو کەسە 8ـی 7 سەردانی بنکەکەی کردووە و تۆمەتی ناڕەوای خستووەتە پاڵ تەندروستیی بەردەڕەش، بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینە بەر و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین''.