مریشکی سوور بخورێت یان نا؟
رووداو - تەندروستی
بابەتی خواردنی مریشکی سوور مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و بەشێکی پزیشکانی ڤێتێرنەری کۆکن لەسەر ئەوەی ئاساییە بخورێت و بەشێکیشیان بە تەندروستی دانانێن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری رێگە بە خواردنی مریشکەکە دەدات، بەڵام 'بە مەرج'.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئابی 2024 رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی راگەیاند، روونکردنەوەیان لەو بارەیەوە داوە و هاوڕان کە ئەگەر مریشکی سوور مەرجە تەندروستییەکانی ڤێتێرنەری تێدابێت، ئاساییە بخورێت.
لە نوێترین بەرنامەی لەگەڵ رەنج کە تایبەت بوو بە کوالێتیی خۆراک و جۆری مریشکەکانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەرێم هابیل، پزیشكی ڤێتێرنەری و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پەلەوەر لەنێو بەرنامەکەدا گوتی، ئاساییە مریشکی سوور بخورێت و دەڵێت: "لەلای خۆم مریشكی سوورم لە مریشكی سپی و گۆشتی ئاژەڵیش پێ تەندروسترە".
ئەو نایشارێتەوە كە مریشكی سوور رێژەی پڕۆتینی كەمترە بەراورد بە مریشکی سپی بەڵام ئەوەش باسدەکات کە "ئەگەر رێژەی دەرمانی ئەنتیبایۆتیک لە گۆشتەكەیدا بەرزبوو، ئەوكاتە نەگونجاوە بۆ خواردن، ئەگینا خواردنی ئاساییە".
بۆچوونێكی دیكە لەسەر مریشكی سوور
بە پێچەوانەی بۆچوونەكەی دکتۆر هەرێم هابیل؛ جەمال حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە كە مریشكی سوور نابێت بخورێت، چونكە بەهای خۆراكی نییە و دەڵێت: "مریشكی سوور لە هیچ شوێنێكی دنیا بۆ خواردن بەكارنایەت، مریشكی سوور و ئومەهات لە ئێران هەر نییە، لە سوێد هەر دەسووتێنرێ".
بەپێی بەدواداچوونەكانی جەمال حوسێن، مریشكی سوور نەک هەر بەهای خۆراكی نییە، بەڵكو دەرمانی ئەنتیبایۆتیکیش لە جەستەیدا زۆرە: "لە تاقیگە ئەوە سەلمێنراوە كە ئەنتی بایۆتیک لە جەستەیدا زۆرە، بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم خەڵكی بیخوات". بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئێستا لە وەزارەتی كشتوكاڵ گفتوگۆكان لەسەر مریشكی سوور بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری چی دەڵێت؟
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە نووسراوێکدا رایدەگەیێنێت، ئەگەر مریشکی سوور بە رێنوێنییە زانستییە ڤێتێرنەرییەکاندا تێپەڕببێت، ئەوا هیچ زیانێکی نییە، بەڵام ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە مریشکی سوور بەهای خۆراکیی کەمترە بەراورد بە مریشکی سپی.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، نابێت لەماوەی دەرمان پێداندا گۆشتی مریشک بخورێت، تاوەکو ئەو کاتەی کە دەرمانەکە کاریگەریی نامێنێت.