قۆناخی شێرپەنجەکەی جۆ بایدن ئاڵۆز دەبێت و چارەسەرەکانی تووندتر دەبن
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئێستا بایدن لەژێر چارەسەری تیشک و هۆڕمۆنیدایە بۆ شێرپەنجەی پڕۆستاتەکەی. نووسینگەکەی ئەوەش باس دەکات کە شێرپەنجەکە لە قۆناخێکی مەترسیداردایە.
بەگوتەی نووسینگەکەی، جۆ بایدن تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستاتە لە قۆناخێکی پێشکەوتوو و مەترسیداردایە کە ناسراوە بە قۆناخی پێنج و گوازراوەتەوە بۆ ئێسکەکانیشی.
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، زیاتر لە نیوەی تووشبووانی شێرپەنجە پڕۆستات لە وڵاتەکە، کەسانی سەروو 65 ساڵن و یەکێک لە گرووپە هەرە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەساڵاچووانن.
کێلی سکالی، یاریدەدەری بایدن پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا ئەو بایدنی 82 ساڵ چارەسەری تیشک و چارەسەری هۆڕمۆنی بەیەکەوە وەردەگرێت بۆ لەنێو بردنی شێرپەنجەی پڕۆستاتەکەی.
راستکردنەوەی چەند هەڵە تێگەیشتنێک لەبارەی شێرپەنجەی پڕۆستات لەلایەن توێژەر و پسپۆڕێکی پزیشكیی گشتی لە ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجەی پڕۆستات لە ئەمریکا؛
1- شێرپەنجەی پڕۆستات تەنیا تووشی بەساڵاچووان دەبێت؛
دکتۆر دەیڤد جەیمس: ''راستە بەساڵداچوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکات، بەڵام چەند هۆکارێکی دیکەش هەن کە دەشێت ئەگەرەکە زیادبکەن وەکو؛ بۆماوەیی، مێژووی خێزان و شێوازی ژیانی ناتەندروست''.
2- شێرپەنجەکە هەمیشە نیشانەی هەیە؛
دکتۆر دەیڤد جەیمس: ''نەخێر لە سەرەتاوە شێرپەنجەکە بێنیشانەیە و هەرکاتێک گرێیەکە گەورەبوو ئەوا وردە وردە نیشانەکان دەردەکەون کە سەرەتاترینیان میزکردنی زۆرە لە شەودا یان ئازار لە بەشی خوارەوەی سک و لەکاتی میزکردن''.
3- شێرپەنجەی پڕۆستات هێواشە و لاوازە؛
دکتۆر دەیڤد جەیمس: ''هەرچەندە دەکەوێتە سەر جۆری شێرپەنجەکە و جەستەی تووشبووەکە، بەڵام بە گشتی شێرپەنجەکە گەشەی خاوترە، بەڵام هەندێک جۆری هەیە کە خێرا دەگوازرێتەوە و کوژەرە و لە پیاوانی گەنجدا زۆرە''.
4- پێویستە بە خێرایی چارەسەربکرێت و دەرمان بەکاربێت؛
دکتۆر دەیڤد جەیمس: ''هەندێکجار باشترین شت ئەوەیە کە تەنیا چاودێریی دۆخی شێرپەنجەکە بکرێت لە سەرەتادا و مەرج نییە راستەوخۆ دوای دەستنیشانکردنی دەرمان بەکاربهێندرێت، تەنانەت لە جۆرە کوژەرەکەی شێرپەنجەی پڕۆستاتیش مەرج نییە راستەوخۆ دەست بە چارەسەر بکرێت''.
5- لابردنی پڕۆستات یاخود چارەسەری شێرپەنجەی پڕۆستات کۆتایی بە توانای سێکسی دەهێنێت؛
دکتۆر دەیڤد جەیمس: ''چارەسەرەکان کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر توانا سێکسییەکان دەبێت و رەنگە دوای چارەسەرەکانیش هەندێک دەرمانی دیکە بۆ بەهێزکردنەوەی توانی سێکسی بەکاربێن''.