د. یاد نەقشبەندی: دەستخۆشی لە رووداو دەکەم بۆ راگەیاندنی هەڵمەتی (لونای پەمەیی)
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، 20٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ستایشی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی'ـی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، لەم هەڵمەتەدا ئەگەر 10 خانم لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەدا هانبدرێن و زوو دەستنیشانی شێرپەنجەکەیان بکرێت، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەیە.
د. یاد نەقشبەندی بە پێویستی زانی کە دەبێت جەخت لە پشکنینی پێشوەختە و رێگەکانی خۆپارێزی لە شێرپەنجە بکرێتەوە و داوا لە خانمانیش دەکات، لەکاتی بوونی گومان لە هەر گرێ و نیشانەیەکی نامۆ لە مەمکیان، بچنە سەنتەرەکانی پشکنینی پێشوەختە، بەتایبەت ئەوەی لە نەخۆشخانەی شار هەیە.
نەقشبەندی دەڵێت: ''خانمان ئەگەر لە قۆناخی یەکی شێرپەنجەدا دەستنیشانبکرێت، ئەوا رەنگە تەنیا پشکنین و چاودێریی بکرێت، بەڵام ئەگەر لە قۆناخی چواردا دەستنیشانبکرێت، رەنگە چارەسەر بە لابردنی مەمکەکە بێت''.
هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' چییە؟
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە؛
بەگوتەی د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
- لە ماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.