محەممەد کەسابی، ئەکتەری ئێرانیی ناسراو بە (رەحمان) کۆچی دوایی کرد؛ هۆکارەکەی بزانە
رووداو - تەندروستی
محەممەد کەسابی، ئەکتەری فارسی ئێرانی کە ناسرابوو بە (رەحمان) کۆچی دوایی کرد، ئەو نەخۆشیی درێژخایەنی دڵی هەبووە و ماوەیەکە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
کچەکەی محەممەد کەسابی بڵاوی کردبووەوە کە دۆخی تەندروستیی باوکی ناجێگیرە و لە چاودێریی چڕە، ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی باوکە 74 ساڵەکەی راگەیاند و دەڵێت: باوکێکی میهرەبان و پیاوێکی باش بوو.
بەگوتەی سەرچاوە ئێرانییەکان، ئەو ئەکتەر و دەرهێنەرە بەنێوبانگە کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنی هەبووە و گیرۆدەی هەناسەتەنگی و کێشەکانی سییەکانیشی بووە.
هاوکات لە سەردەمی کۆرۆناشدا بە تووندی نەخۆشییەکەی گرتووە و هەر لەوکاتەوە لێکەوتەکانی نەخۆشییەکەی هەر لەسەر ماون، تا وای لێهاتووە ماسوولکەکانی دڵی لاواز ببن و کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی دروستبکات.
بەگوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی دڵ، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی