خانمانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیریی هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' دەکەن

رووداو - تەندروستی

هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بەردەوامە و خانمانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری هەڵمەتەکە و دەکەن و بەهۆیەوە دەچن پشکنینی شێرپەنجەی مەمک دەکەن.
 
بەشێک لە خانمانی رۆژهەڵات پەیامی خۆیان بۆ رووداوی تەندروستی ناردووە و لەبارەی لونای پەمەیی قسە دەکەن و دەڵێن، بەم هەڵمەتە خۆشحاڵن و بە گرنگییەوە لەم هەڵمەتە دەڕوانن و پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵمەتی لونای پەمەیی دەردەبڕن.
 
هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' چییە؟
 
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
 
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.