لە کەلار هۆشداری لە زیادبوونی منداڵانی تووشبووی پەتاکان دەدرێت
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار رایدەگەیێنێت، نزیکەی مانگێکە رۆژانە چەندین تووشبووی پەتای وەرزی لە منداڵاندا دەهێندرێنە نەخۆشخانەکە و رێژەکە زیاد بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-11-2025 دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە رووداوی راگەیاند، لە هەموو تەمەنێکدا تووشبووی پەتا دەهێندرێتە نەخۆشخانەکە و زۆرینەی ئەوانەی کە دوو بۆ سێ رۆژ دەخەوێندرێن، ئەوانەن کە خوار پێنج ساڵن.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، (تا، سکچوون و رشانەوە) زۆرترین ئەو نیشانانەن کە منداڵەکان هەیانبووە. هەر بۆیە هۆشداری دەداتە دایباب کە منداڵەکانیان تێکەڵاوی قەرەباڵخی نەکەن و هەمیشە پاکوخاوێنییان بپارێزن.
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە؛
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.