بەدواداچوونێکی رووداو: دوێنێ تەنیا لە سێ نەخۆشخانەی تایبەت، نزیکەی 55 نەشتەرگەریی منداڵبوون کراون

رووداو - تەندروستی

بەدواداچوونێکی رووداو ئاشکرای دەکات، لە کۆی سێ نەخۆشخانەی تایبەت لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک؛ نزیکەی 55 نەشتەرگەریی منداڵبوون کراون. راوێژکارێکیش دەڵێت: هیچ لیژنە و لێپێچینەوەیەک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا نییە بۆ کەمبوونەوە و رێگری لە نەشتەرگەریی ناپێویستی منداڵبوون.
 
دوێنێ سێشەممە 11-11-2025 بەهۆی ئەوەی کە ''رێکەوتێکی جوانە'' زۆرترین نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی کراوە کە 25 نەشتەرگەرییە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-11-2025 سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە نەخۆشخانە حکومییەکان لیژنەی بڕیاردان لە نەشتەرگەریی منداڵبوون هەیە. لەبارەی نەخۆشخانە تایبەتییەکانیشەوە د. شلێر فایەق، راوێژکاری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و بەڕێوەبەری پێشووی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی کە ئێستا خانەنشین بووە گوتی، ''هیچ لیژنە و لێپێچینەوەیەک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا نییە بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون''.
 
'لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە دهۆک 10 بۆ 15 نەشتەرگەریی منداڵبوون کراون'
 
بەپێی بەدواداچوونەکەی رووداو، نەخۆشخانەیەکی تایبەت کە رۆژانە نەشتەرگەریی منداڵبوونی لێدەکرێت، (دوێنێ 11ـی تشرینی دووەم) نێوان 10 بۆ 15 نەشتەرگەریی منداڵبوونی تێدا کراوە.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دەڵێت: وەزارەتی تەندروستی هیچ لیژنەیەکی لەنێو نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا نییە، کە رۆژانە چاودێریی بڕیاردان لەسەر نەشتەرگەرییەکان بکات، بەڵکو لیژنەیەکیان هەیە کە ناوە ناوە سەردانی نەخۆشخانە تایبەتییەکان دەکەن و داوای ئاماری نەشتەرگەرییەکان دەکەن.
 
'لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر 15 بۆ 20 نەشتەرگەریی منداڵبوون کراون'
 
بەدواداچوونەکەی دێسکی تەندروستیی رووداو دەریخست، تەنیا لە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر 15 بۆ 20 نەشتەرگەریی منداڵبوون لەلایەن چەند پسپۆڕێکی خانمانی و منداڵبوونی نەخۆشخانەکەوە کراون.
 
پسپۆڕێکیش دەڵێت: چاولێکەری و ناهۆشیاریی خانمان لەبارەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون دوو هۆکارن کە خانمان پەنا بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون ببەن. لەکاتێکدا بەگوتەی خۆی، چەندینجار رێگری لە خانمەکان کردووە کە نەشتەرگەرییەکە بکەن و بۆی نەکردوون، بەڵام خانمەکان لەلای پسپۆڕی دیکە نەشتەرگەرییەکەیان کردووە. (هەر بۆیە ئەو ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی نەشتەرگەرییەکە بۆ ویژدانی پزیشکەکە دەگەڕێنێتەوە نەک لیژنەی بڕیاردان).
 
تەنانەت بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەیەکی تایبەتیش بە رووداوی گوت، ''لەو جۆرە رێککەوتانە نەشتەرگەریی زۆری منداڵبوون دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم ساڵ لەگەڵ دەنگداندا هەمان رۆژ بوون، کەمتر بوو''.
 
پاشهاتەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە
 
ناڕێکیی فەرمانەکانی مێشك
هەوکردن
هەناسەتەنگی
تووشبوون بە جەڵتە
ئیفلیجیی مێشک
نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
ناڕێکیی گەشە
لاوازیی بەرگریی جەستە
ئاسان تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان
 
چ منداڵێک ناکامە؟
 
منداڵانی ناکام بەوانە دەگوترێت کە پێش 37 هەفتە لەدایکدەبن، چونکە لەدایکبوونی ئاسایی دەبێت لەنێوان 37 بۆ 42 هەفتەی دووگیانیدا بێت. ئەگەریش منداڵێک دوای 42 هەفتە لەدایکبوو ئەوا بە منداڵی دواکەوتوو دادەنرێت کە زۆر دەگمەنە.