دوای 11 ساڵ چاوەڕوانی، خێزانێک لە قەزای تەق تەق منداڵێکیان بوو

رووداو - تەندروستی

دوای 11 ساڵ چاوەڕوانی، خێزانێک لە قەزای تەق تەق و لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە کۆیە منداڵێکیان بوو، پزیشکی سەرپەرشتیار دەڵێ، کێشەکە لە پیاو و ژنەکە بوو، دوای هەوڵێکی زۆر چارەسەر کران.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13-1-2026 د. سانا ئیسماعیل بەقاڵ، سەرپەرشتیاری کەیسەکە و پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، تەمەنی هەردوو هاوژینەکە سەروو 30 ساڵ بوو و ژنەکە کیسی هێلکەدانی هەبوو و پیاوەکەش کێشەی لە تۆوی هەبوو، بەڵام دوای چارەسەری ورد و جێبەجێکردنی رێنوێنیی وردی پزیشک، هەردووکیان چارەسەر کران و بوونە خاوەنی منداڵ.
 
د. سانا ئیسماعیل بەقاڵ باسی ئەو ساتە دەکات کە بە ژن و پیاوەکەی گوتووە، منداڵتان دەبێت و دەڵێت: تاوەکو سێ مانگی یەکەم باوەڕیان نەدەکرد کە خانمەکە دووگیانە و چەندینجار پشکنینەکانیان دووبارە دەکردەوە.
 
د. سانا ئیسماعیل بەقاڵ باسی کیسی هێلکەدان دەکات و دەڵێ، گەشەی هێلکە لاواز دەکات و وا لە هێلکەدان دەکات، لەبری هێلکە، کیس دروستبکات، ئەمەش رێگرە لە منداڵبوون.
 
رێنوێنیی هاوژینان دەکات کە؛
 
- زوو لێپێچینەوە لە خۆیان بکەن.
- بەباشی رێنوێنییەکانی پزیشکی پسپۆڕ جێبەجێ بکەن.
- شێوازی ژیانیان تەندروست بێت.
- خانمان پێش تەمەنی 35 ساڵی منداڵیان ببێت.
 
ئەگەر خانمان دوای 35 ساڵی دووگیان ببن دەشێت ئەمانە رووبدەن؛
 
- بەرزەپەستانی خوێنی دووگیانی.
- شەکرەی دووگیانی.
- ناڕێکیی گەشەی کۆرپەلە.
- منداڵی داون.
- نەخۆشییە سکماکییەکانی کۆرپەلە.