تەندروستیی هەڵەبجە: هۆڵی چاودێریی چڕ بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە نەکراوەتەوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، هۆڵێکی چاودێریی چڕ (ICU) بە هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانیەوە ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەندی بێهۆشکاری پێویستەوە نەتوانراوە بکرێتەوە. 
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لە ئێستادا نەبوونی هۆڵی چاودێریی چڕ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کێشەی گەورەی بۆ هاوشاریانمان دروستکردووە و جگە لەوەی لە بوودجەدا، تێچوویەکی زۆر بەهۆی ناردنی نەخۆشەوە خەرج دەکرێت، بە ئەستەم جێگە بۆ نەخۆش لە کەرتی گشتی دەستدەکەوێت."
 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی کردووە داوای دامەزراندنی 30 کارمەندی بێهۆشکاری لە نێویاندا سێ پزیشکی پایەبڵندی بێهۆشکاری کردووە بۆ ئەوەی هۆڵەکە بکرێتەوە.
 
د. ئازاد مستەفا باسی لەوەش کرد کە بەهۆی نەبوونی ئەم بەشە لە هەڵەبجە، خەڵک ناچار دەبن روو لە سلێمانی بکەن و گوتی، "ئەوەی لە ژووری چاودێریی چڕ بخەوێنرێت، وای لێهاتووە کە پێویستە خانووەکەشی بفرۆشێت."
 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد کە شەش تەختی چاودێریی چڕیان بە هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانەوە وەک (Ventilator, Suction و ئۆکسجین) ئامادە کردووە، بەڵام تەنیا کێشەی کارمەندیان هەیە."30 کارمەندی بێهۆشکار ئامادەن لە سلێمانییەوە بێنە هەڵەبجە، بەڵام بۆردی کوردستانی رێگرە، بۆیە داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە کە بۆ خزمەتی هەڵەبجە رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان بدات."