پسپۆڕێکی دەروونی لە کۆریا: زەنگی ئاگادارکردنەوە هۆکارێکی ماندوویێتیی دوای لەخەوهەڵسانە
رووداو – تەندروستی
پسپۆڕێکی راوێژکاریی نەخۆشییە دەروونییەکان چەند هۆکارێکی باوی ماندوویێتی دوای لەخەوهەڵسان ئاشکرادەکات و دەڵێت: هۆکاری سەرەکیی ماندووێتییەکە بۆ ئەو هەڵانە دەگەڕێتەوە کە پێش خەوتن دەکرێن.
دکتۆر جاسوونگ کیم، پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل لە کۆریا رایدەگەیێنێت، زەنگی ئاگادارکردنەوە دەشێت ببێتەهۆی ماندووێتی دوای لەخەو هەڵسان، چونکە بە ناچاری کەسەکە لەخەو هەڵدەستێت.
دکتۆر جاسوونگ ئەوەشی ئاشکراکرد، لەگەڵ هەر دووبارە کردنەوەیەکی زەنگی ئاگادارکردنەوە، ئاستی ماندوویێتییەکە زیاددەکات، پێشنیازیش دەکات، بە یەکەم زەنگ لەخەو هەستن و بۆ چەند جارێک دووبارە نەکرێتەوە.
هەروەها دکتۆر جاسوونگ پێی باشە کە رووناکی بچێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆرهەڵاتندا لەبری زەنگی ئاگادارکردنەوە بەئاگابێیت.
پسپۆڕە دەروونییەکە دەڵێت: ''بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان پێش خەوتن، هۆکارێکە بۆ ناڕێکیی خەو، چونکە کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین هەیە.''
روونیشی دەکاتەوە، رووناکی مۆبایل و شاشەکان سووڕی خوێن تێکدەدەن و واباشترە دوو کاژێر پێش خەوتن بەکارنەیەن.
لە بارەی وەرزشکردنەوە دکتۆر جاسوونگ گوتی، وەرزشی رۆژانە کوالێتی خەو باش دەکات و خەوێکی ئارام و تەواو دەبەخشێت، هەروەها دەشڵێت: ''بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین دی دەتوانن رۆڵیان لە باشترکردنی کوالێتی خەو هەبێت.''
پسپۆڕەکە رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، پێش خەوتن لە خواردنەوە وزەبەخشەکان، چاو و قاوە بەدووربن، هەروەها ئێواران ژەمی سووک بخۆن لەگەڵیشیدا رۆژانە ئاوی پێویست بخۆنەوە و بایەخ بە رێک و پێکی شوێنی نووستن بدەن.
دامەزراوەی خەو لە ئوسترالیا رایدەگەیێنێت، بایەخدان بە شوێنی نووستن 15٪ کوالێتی خەو باشتردەکات، هاوکات ئەوەش دەردەخات کە مرۆڤ سێیەکی ژیانی بە خەوتن بەسەردەبات.