نەخۆشنامە؛ بەدڵبوونی جوانکاریی ددان لەنێوان خۆت و خێزانەکەت بێت
رووداو - تەندروستی
نەخۆشنامەی ئەمجارە تایبەتە بە پسپۆڕیی دەم و ددان، پسپۆڕێک جەخت لەوە دەکاتەوە، بەدڵبوونی جوانکاریی دەم و ددان پێویستە لەنێوان چارەخواز و هاوژینەکەی بێت و سینگڵەکانیش تەنیا یەک کەس بدۆزنەوە کە راوێژی پێبکەن.
د. زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی چارەسەرییەکان دەم و ددان و جوانکاریی ددان لەنێو پۆدکاستەکە باسی نوێترین تەکنەلۆژیاکانی پسپۆڕییەکە دەکات و دەڵێت: ئێستا بەجۆرێکە کە پێش ئەوەی کردە پزیشکییەکان بۆ کەسەکە بکرێت، پێشوەختە دکتۆر و چارەخوازەکە کاریگەری و کارەکە دەبینن، ئینجا بڕیاری جوانکارییەکە دەدرێت.
د. زەردەشت برادۆستی روونی دەکاتەوە، هیچ چارەخواز و نەخۆشێک بەبێ راوێژی پزیشک و بینینی پزیشک پێویست نییە پشکنین بکات، ئەمەش لەوەوە هات کە زۆرجار ژیریی دەستکرد لەجێی راوێژی پزیشک بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئەو پسپۆڕە ئەمە بە هەڵە دادەنێت.