رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: 70٪ـی ئەوانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، پێی نازانن

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، لە جیهاندا ملیارێک و 400 ملیۆن تووشبووی بەرزەپەستانی خوێن هەن و بەشێکیان لە بێنیشایی نەخۆشییەکە، پێی نازانن تا دەگاتە حاڵەتی جەڵتە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، 70٪ـی ئەوانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، بەخۆیان نازانن کە ئەمەش وادەکات، دەرمانی بۆ وەرنەگرن و پەستانی خوێنیان کۆنتڕۆڵ نەبێت. هەر بۆیە پزیشکان پێشنیاز دەکەن، پشکنین بکرێت.
 
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک دوو لێکەوتەی مەترسیداری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنن کە لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵنەکردنیدا روودەدەن.
 
مرۆڤ دوای ئەو دوو جۆرە جەڵتەیە ئیدی ئەگەری تووشبوونی بە (سستبوونی گورچیلە، لەبیرچوونەوە، پەککەوتن و ئیفلیجبوون) زیاد دەبێت.
 
کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چۆنیەتیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بە دروستی روون دەکاتەوە؛
 
لەکاتی پێوانەکردنەکە؛ قسە مەکە و مەترسێ، باشترە دوو جار پێوانەکە تۆمار بکەیت بۆ دڵنیابوونەوە، بەڵام هەر جارێکیان چەند خولەکێکی لەنێوان بێت
 
شێوەی دانیشتن گونجاو بێت؛ پاڵبدەرەوە بە کورسییەکە، قاچ مەخەرە سەر قاچ و با قاچەکان لە زەویدا بن، ئەو دەستەی پێوانەکەی لێدەکرێت لەسەر مێزێک دابنرێت و پەستانی نەکەوێتە سەر
 
شوێنی دانانی ئامێرەکە؛ بەستەری ئامێرەکە لە سەروو چەمانەوەی ئانیشکەوە بێت، بە باشی ببەسترێت و نابێت لەسەر جلوبەرگەوە ببەسترێت
 
پێش ئەوەی پێوانەکردنە بکەیت؛ 
 
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ مەکێشە
- چا، کحول، قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان مەخۆرەوە
- وەرزش مەکە
- میزەڵدانت بەتاڵ بکەرەوە
- ماوەی پێنج خولەک بحەسێرەوە