وەزارەتی تەندروستی: هیچ پزیشکێک لەماوەی ئێشکگرییەکەیدا نەخۆشخانە جێنەهێڵێت

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی جەخت لە شێوازەکانی دەوامکردنی پزیشکانی بەشەکانی فریاکەوتن دەکاتەوە و یەکێک لە خاڵەکان، قەدەخەکردنی (On Call)ـی پزیشکانی ئێشکگرییە.
 
وەزارەتی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، راپەڕین، زاخۆ و کۆیە رایدەگەیێنێت؛ پێویستە پزیشکی ئێشکگری پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لەکاتی ئێشکگریدا لە نەخۆشخانە بن، نابێت لەکاتی پێویستدا تەلەفۆنیان بۆ بکرێت، ئینجا بێنەوە نەخۆشخانە.
 
وەزارەتەکە شەش رێنوێنی داناوە و یەکێکیان ئەوەیە کە پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە را و سەرنج و راسپاردە و راوێژ بە تەلەفۆن لە پزیشکی ئێشکگر وەربگرن و پێویستە پزیشکی ئێشکگر لەماوەی ئێشکگریدا لە نەخۆشخانە بێت.
 
پاشانیش ئەوەی باس کردووە کە ''نابێت پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگر یان نیشتەجێی دێرین لەماوەی ئێشکگرییەکەیدا لە کلینیکی تایبەتی خۆی یاخود سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بێت''.
 
ئەو راگەیێنراوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەرچووە و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیش بڵاویان کردووەتەوە.