دەزگای روانگە سەنتەرێکی دیکەی بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە گەرمیان کردەوە
رووداو - تەندروستی
دەزگای روانگە لە درێژەی کارەکانیدا بۆ خزمەتکردنی منداڵانی ئۆتیزم، سەنتەری ئۆتیزمی روانگە-رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کردەوە.
کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "خزمەتێکی گەورەیە بە منداڵانی ئۆتیزم کە دەزگەی روانگە لە ماوەی رابردوودا چەندین سەنتەری کردووەتەوە، هەفتەی رابردوو لە هەریر سەنتەرێکی کردەوە و ئەمڕۆش لە قەزای رزگاری و بڕیارە هەفتەی داهاتووش لە قەڵادزێ سەنتەرێکی دیکە بکاتەوە."
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو سەنتەرانەدا بەبێ بەرامبەر خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم دەکرێت و گوتی، "لە هەرێمی کوردستان 65 سەنتەری منداڵانی ئۆتیزم هەن کە 11یان حکومین و 54یان تایبەتن، هەروەها هەزار و 732 منداڵ لەو سەنتەرانە بەبێ بەرامبەر راهێنانیان پێدەکرێت."
لای خۆیەوە، حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە رایگەیاند، "پلانی داهاتوومان ئەوەیە گرنگیی زیاتر بە منداڵانی ئۆتیزم بدرێت، دەمانەوێت لە ژێرخانی دروستکردنی وڵاتدا هاوکار بین و ئەوەش تێڕوانینی دەزگەکەیە."