پسپۆڕێک: دەکرێت هەندێک مادەی کیمایی نێو پاتری و مێروکوژ و تاقیگەیی ببنە هۆی گرێی گورچیلە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ رایدەگەیێنێت، گرێی شێرپەنجەیی گورچیلە گەشەیەکی نائاسایی خانەکانی گورچیلەیە و زۆربەی کات هیچ نیشانەیەکی نییە و تەنیا لە رێگەی سۆنەر و سیتی سکانەوە دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-4-2026 د. هەڵۆ هاشم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "گرێی شێرپەنجەیی گورچیلە گەشەسەندنێکی نائاسایی خانەکانی گورچیلەیە کە لە ئەنجامی دابەشبوونی خانەکانەوە دروست دەبێت، لە گورچیلەدا گرێی خاوێن (Benign) و پیس (Malignant) هەن، بەڵام گرێی خاوێن کەمن."
سەبارەت بە نیشانەکان، د. هەڵۆ هاشم گوتی، "گرێی گورچیلە زۆربەی کات بێ نیشانەیە و زیاتر لە رێگەی سۆنەر و سیتی سکانەوە بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە هەندێک کەسدا نیشانەی هەیە، وەک دەرکەوتنی خوێن لە میزدا بەتایبەت کە ئازاری لەگەڵدا نییە، هەروەها ئازار لە تەنیشتەکان، لاوازبوون و کەمخۆراکی لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە گرێیەکەیان بەنێو لەشدا بڵاوبووەتەوە."
د. هەڵۆ هاشم ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری دروستبوونی گرێی گورچیلە روون نییە، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە مەترسیی تووشبوون زیاد دەکەن، "وەک هۆکاری بۆماوەیی، شێوازی ژیان، ژینگە، قەڵەوی، بەرزیی پەستانی خوێن، سستبوونی گورچیلە و بەرکەوتن بە هەندێک مادەی کیمیایی وەک مادەی نێو پاتری، مێروکوژ و هەندێک مادەی تاقیگەیی."