جۆرێکی فیلم زۆرترین بەشی مێشک بۆ داهێنان چالاک دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو فیلمانەی هونەرین و جۆرێک لە داهێنانیان تێدایە، جگە لە ئاسوودەبوونی دەروونیی بینەر، بەشی داهێنان و بیرکردنەوە لە مێشک زیاتر چالاک دەکەن و دەبنە هەوێنی داهێنان و بیرکردنەوەی زیاتر.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لەسەر 500 بینەری فیلمە جۆراوجۆرەکان کرا و دەرکەوت، ئەوانەی سەیری فیلمە هونەری و داهێنەرانەکان دەکەن زۆر زیاتر بیریان بۆ داهێنان و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەچێت بەراود بەوانەی بینەری فیلمە کۆمیدی و سەرگەرمکەرەکانن.
مادلین گرۆس، توێژەری دەروونناس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ژانری هونەری هەمیشە هانی تاک دەدات زیاتر بیر بکاتەوە و واز لە تێگەیشتنی رووکەشی بهێنێت، بەمەش مرۆڤ بەرەو داهێنان و قووڵبوونەوەی زیاتر دەبات.
کۆمەڵەی پسپۆڕانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی فەرمانەکانی مێشک و یادگە پێشنیاز دەکات وەکو؛
- خەوی رێک؛ رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاژەڵ.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی؛ ئەنجامدانی وەرزشەکانی خاوبوونەوە وەکو 'راگرتنی هەناسەدان و هەناسەدانی قووڵ، یۆگا و نوێژ'.
- خۆراکی تەندروست؛ بایەخدان بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، چەورییە ناتێرەکان و دژەئۆکسێنەکان.
- بایەخدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.